بەغداد – INA

سەرۆک کۆمار نزار ئامێدی، ئەمڕۆ چوارشەممە، داوای لە چوارچێوەی هەماهەنگی کرد کاندیدی سەرۆکایەتی وەزیران لە ناو وادە دەستوورییەکەدا دیاری بکەن، و کار بکەن بۆ پێکهێنانی حکومەتێک کە کار بۆ بەدیهێنانی خواستەکانی عێراقییەکان بکات و ڕەوتی گەشەپێدان لە وڵاتدا بەهێز بکات.

فەرمانگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار، لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "سەرۆک کۆمار نزار ئامێدی، لە کۆشکی بەغداد، پێشوازی لە نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و وەفدی هاوڕێی کرد."

بەیاننامەکە راشیگەیاند: "لە سەرەتای دیدارەکەدا، مالیکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک کۆمار کرد بەبۆنەی دەستبەکاربوونی لە پۆستەکەیدا، و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەنجامدانی ئەرکەکانیدا، لە بەرامبەردا سەرۆک کۆمار سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئەو پیرۆزبایی و هەستە جوانانە دەربڕی."

هەر لە بەیاننامەیەكدا هاتووە: "لە میانی دیدارەکەدا، کە خالید شوانی وەزیری داد و هەرێم کەمال سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمان ئامادەی بوون، باس لە بارودۆخی گشتیی وڵات و ناوچەکە کرا، و جەخت کرایەوە لەسەر گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و بەهێزکردنیان، و کارکردنی جدی بۆ باشترکردنی بارودۆخی بژێوی و خزمەتگوزاریی هاوڵاتییان."

بەپێی بەیاننامەکە، سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە، لەسەر "گرنگیی تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکان لە ناو وادە دیاریکراوەکاندا، و داوای لە چوارچێوەی هەماهەنگی کرد کاندیدی سەرۆکایەتی وەزیران لە ناو وادە دەستوورییەکەدا دیاری بکەن، و کار بکەن بۆ پێکهێنانی حکومەتێک کە کار بکات بۆ بەدیهێنانی خواستەکانی عێراقییەکان و بەهێزکردنی ڕەوتی گەشەپێدان لە وڵاتدا."