بەغداد - INA
وەزیری ناوخۆ عەبدولئەمیر شمەری، ئەمڕۆ چوارشەممە جەختیکردەوە: دادوەری کۆڵەکەی سەرەکییە لە جێبەجێکردنی دادپەروەری و پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتیدا.
وەزارەتی ناوخۆ لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "وەزیری ناوخۆ عەبدولئەمیر شمەری و وەفدی هاوڕێی، ئەمڕۆ چوارشەممە سەردانی دادگای تێهەڵچوونەوەیان لە پارێزگای بەسرە کرد و لەگەڵ سەرۆکی دادگا و ژمارەیەک لە دادوەران کۆبووەوە."
وەزیر ستایشی "ڕۆڵی گەورەی دادوەریی عێراقی کرد لە پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری و چەسپاندنی یاسا"، جەختیشی کردەوە کە "دادوەری کۆڵەکەی سەرەکییە لە جێبەجێکردنی دادپەروەری و پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتیدا."
لای خۆیەوە، سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی پارێزگای بەسرە بایەخی ئەم سەردانەی بەرز نرخاند و جەختی کردەوە لەسەر "گرنگیی پەیوەندی بەردەوام لەگەڵ وەزارەتدا."
هەروەها ستایشی "ئەو هەوڵانەی کرد کە پێکهاتەکانی وەزارەتی ناوخۆ دەیدەن بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە پارێزگاکەدا."



