بەغداد – INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لە ٢٨ەمین ساڵیادی شەهیدبوونی ئایەتوڵای مەزن، سەید محەمەد محەمەد سادق سەدر و دوو کوڕەکەیدا سەرەخۆشی خۆی ڕاگەیاند و جەختی کردەوە: شەهید سەید سەدر قوتابخانەیەکی مەرجەعیی، زانستی و ئەخلاقی بووە.
سەرۆک وەزیران لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (X) کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی بەدواداچوونی بۆ کردووە، ڕایگەیاند: "٢٨ەمین ساڵ بەسەر شەهیدبوونی ئایەتوڵای مەزن، سەید محەمەد محەمەد سادق سەدر و دوو کوڕەکەی تێپەردەبێت؛ لەم رۆژانەدا دەستە چەپەڵەکانی ڕژێمی دیکتاتۆری تاوانبار درێژ بوون بۆ بە ئامانجگرتنی هێمایەکی گەورەی ئایینی، نیشتمانی و مرۆیی، تاوەکو ئەم تاوانە گەورەیە بخەنە سەر زنجیرەیەک لە پێشێلکاری و تاوانەکانیان کە هەموو سنوور و بەهاکانی تێپەڕاندبوو."
وتیشی: " شەهید سەید سەدر (ڕەزای خوای لێبێت) قوتابخانەیەکی مەرجەعیی، زانستی و ئەخلاقی بوو، کە بە وتارە یەکخەر، نیشتمانی و کۆمەڵایەتییەکەی ناسرابوو و تێیدا ڕووی دەمی لە هەموو عێراقییەکان دەکرد بە هەموو چین و توێژەکانیانەوە، هەر بۆیە ڕژێمی دیکتاتۆر ئەوی بە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە دەبینی بۆ سەر دەسەڵاتە تاوانکارییەکەی کە گرەوی لەسەر پارچەپارچەکردنی یەکڕیزی عێراقییەکان دەکرد."
لە کۆتاییدا وتی: "سەرەخۆشی بێپایانی خۆمان لەم یادە بەژانەدا ئاراستەی حوجەتولئیسلام و موسلمین سەید موقتەدا سەدر، هەموو بنەماڵەی ڕێزداری سەدر، و شوێنکەوتووانی سەید شەهید دەکەین. ڕەحمەت و ڕەزامەندی خودا بۆ هەموو شەهیدانی عێراق و شەرمەزاری و ڕسواییش بۆ دیکتاتۆرییەتی قێزەون."


