هەولێر - INA

ئەمڕۆ چوارشەممە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی یادی ڕۆژنامەگەریی کوردییەوە پیرۆزبایی كرد و جەختیکردەوە: ڕۆژنامەگەریی ئازاد و بوێر، هاوبەشێکی کاریگەری بنیاتنانی حکومڕانییەکی باش و دادپەروەره.

نێچیرڤان بارزانی لە بەیاننامەیەكدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی نێردراوە، ڕایگەیاند: یادی 128 ساڵەی دەرچوونی ڕۆژنامەی (کوردستان) لەلایەن میر میقداد میدحەت بەدرخانەوە و 28 ساڵەی دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، بە گەرمی لە هەموو ڕۆژنامەنووسان و میدیاکارانی کوردستان پیرۆز دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.

لەم بۆنەیەدا، جارێکی دیکە جەخت لە پابەندیی نەگۆڕمان بە پاراستنی ئازادیی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین دەکەینەوە وەک بنەمایەکی سەرەکیی دیموکراسی و کۆمەڵگه‌یه‌کی مه‌ده‌نیی پێشکەوتوو.

بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ فەراهەمکردنی ژینگەیەکی گونجاو و دوور لە هەر کۆتوبەندێک بۆ کاری میدیایی، بە جۆرێک کە مافی دەستگەیشتن بە زانیاری مسۆگەر بێت و پارێزبەندیی پیشەیی بۆ ڕۆژنامەنووسان دابین بکات.

ڕۆژنامەگەریی ئازاد و بوێر، هاوبەشێکی کاریگەری بنیاتنانی حکومڕانییەکی باش و دادپەروەره‌، بۆیە داوا لە ڕۆژنامەنووسان دەکەم بەوپه‌ڕی ڕاستگۆیی و پیشەگه‌رانە، بەرژەوەندیی گشتی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی بپارێزن و ڕۆڵی خۆیان لە چەسپاندنی کولتووری پێکەوەژیان، یه‌کترقبووڵکردن و لێبوردەییدا بگێڕن و بره‌و به‌ گیانی نیشتمانپه‌روه‌ری و خۆشه‌ویستیی وڵات بده‌ن.

لە كۆتاییدا دەڵێت: سڵاو لە یاد و گیانی شەهیدانی ڕۆژنامەگەری و هەموو ئەو پێشەنگانەی تەمەنی خۆیان بۆ خزمەتی وشەی ئازاد تەرخان کرد.