بەغدا – INA

وەزارەتی نەوت، ئەمڕۆ سێشەممە، تەرخانکردنی دوو بنکەی بۆ دابینکردنی غازی شل (LPG) بۆ چێشتخانە و کافێ و پیشەکانی دیکە لە شاری بەغدا ڕاگەیاند.

وەزارەت لەراگەیندراوەكەدا كه‌ بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه‌ تێیدا هاتووه‌ : "جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوت، حەییان عەبدولغەنی سەواد، ڕێنمایی داوە بە کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان کە دوو بنکە بۆ دابینکردنی غازی شلی تایبەت بە لێنان لە هەردوو بەری کەرخ و ڕەسافە تەرخان بکەن؛ ئەوەش بۆ دابینکردنی پێداویستیی چێشتخانە و کافێ و پیشەکانی دیکە، کە لە سبەینێوە دەست پێ دەکات."

له‌ راگه‌یندراوه‌كه‌ ئاماژەی بەوەش کردووە کە "عەلی مەعارج، بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری دابەشکردن و حسێن تالیب، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان، لە ڕێگەی سەردانی مەیدانییەوە چاودێریی پڕۆسەی دابینکردنی غاز بۆ هاووڵاتییان دەکەن."

هەروەها لە راگه‌یندراوه‌كه‌ هاتووە: "لە بەری ڕەسافە بنکەی (ساحة غاز باب المعظم) لە نزیک وێستگەی بابولموعەزەم تەرخان کراوە، لە بەری کەرخیش بنکەی (ساحة غاز الرسالة) لە نزیک وێستگەی ڕیسالە و پەیکەری ئەبو جەعفەری مەنسوور تەرخان کراوە."

لە کۆتاییدا هاتووە: "کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات بۆ وەرگرتنی بوتڵە غازی تەرخانکراو بۆیان، سەردانی ئەو دوو بنکەیەی ئاماژەیان پێ کراوە بکەن."