نێودەوڵەتی – INA
عەتاوڵا تارار، وەزیری ڕاگەیاندنی پاکستان، ئەمڕۆ سێشەممە جەختی کردەوە کە وەڵامی ئێران سەبارەت بە پشتڕاستکردنەوەی بەشداریکردنی وەفدەکەی لە دانوستانەکاندا هێشتا نەگەیشتووە و چاوەڕوان دەکرێت.
تارار لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "وەڵامی فەرمیی ئێران بۆ پشتڕاستکردنەوەی بەشداریکردنی وەفدەکەی لە گوتوێژەکانی ئیسلام ئاباد لە چاوەڕوانیدایە"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "پاکستان وەک نێوەندگیر لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ ئێرانییەکان و بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدات پەیڕەوی لە ڕێگەی دیپلۆماسی بکات."
وتیشی: "ماوەی ئاگربەستەکە سەعات ٤:٥٠ی بەرەبەیانی سبەی چوارشەممە بە کاتی پاکستان کۆتایی دێت"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "بڕیاری ئێران بۆ بەشداریکردن لە گوتوێژەکان پێش کۆتایی هاتنی ماوەی ئاگربەستەکە، بابەتێکی زۆر چارەنووسسازە."
لە کۆتاییدا وتی: "هەوڵێکی زۆرمان داوە بۆ ڕازیکردنی سەرکردایەتی ئێران بۆ بەشداریکردن لە خولی دووەمی دانوستانەکان و هەوڵەکانمان لەو بارەیەوە بەردەوامن."