بەغدا - INA
وەزارەتی گواستنەوە، ئەمڕۆ سێشەممە، گەیشتنی کەشتییەکی بارگۆڕاو بە ماددەی خۆراکی بۆ بەندەری ئوم قەسر ڕاگەیاند.
وەزارەت لەراگەیندراوەكەدا كه بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه تێیدا هاتووه ، ئاماژەی بەوە کردووە: "کەشتی (بەسرە) گەیشتە بەندەرەکانی ئوم قەسر/ بەندەری ئوم قەسری باشوور، کە بارێکی ماددەی خۆراکی لە دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتووەوە هەڵگرتووە؛ ئەم هەنگاوەش ڕەنگدانەوەی بەردەوامیی هەوڵە نیشتمانییەکانە بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی وڵات."
ئەحمەد جاسم ئەسەدی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی گواستنەوەی دەریایی، ڕایگەیاندووە: "سەرەڕای ئەو تەحەدییە گەورانەی کە ناوچەکە بەخۆیەوە دەبینێت، کە خۆی لە جەنگی بەردەوام و داخستنی گەرووی هورمزدا دەبینێتەوە (کە یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوە دەریاییەکانی جیهان)، تیمە دەریاییەکانی عێراق لێهاتوویی بەرزی خۆیان و توانای بەڕێوەبردنی قەیرانەکانیان سەلماند، ئەوەش لە ڕێگەی پلاندانانی ورد و گۆڕینی ڕێڕەوە دەریاییەکان بە جۆرێک کە سەلامەتیی کەشتییەکان و گەیشتنیان لە کاتی دیاریکراودا مسۆگەر بکات."
ئاماژەی بەوەش کردووە کە "کۆمپانیاکە بەردەوامە لە ئەنجامدانی ئەرکە نیشتمانییەکانی بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی بازاڕی ناوخۆ لە ماددە بنەڕەتییەکان، بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و پابەندبوون بە بەرزترین پێوەرەکانی سەلامەتیی دەریایی." جەختیشی کردەوە کە "کەشتیگەلی گواستنەوەی دەریایی عێراق لە خزمەت ئابووریی نیشتمانیدا دەمێنێتەوە و بەسەر هەموو تەحەدییەکاندا زاڵ دەبێت بۆ پاڵپشتیکردنی ئاسایشی خۆراکی وڵات."