دیوانییە – INA – سەفات عەزاوی

پارێزگاری دیوانییە، عەباس شوعەیل زاملی، ئەمڕۆ سێشەممە، بەردەوامیی کارەکانی نۆژەنکردنەوە و ئامادەکردنی ٣٠ گەڕەکی لە شاری دیوانییە ڕاگەیاند.

زاملی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "کارەکانی نۆژەنکردنەوەی ٣٠ گەڕەک، لەوانە ناوچەی عەروبەی یەکەم، ئوم ئەلخەیلی سێیەم و گەڕەکی ئەفسەرانی یەکەم بەردەوامن"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "بۆرییەکانی ئاوی باران و ئاوەڕۆ ڕاکێشراون و کارەکانی هەڵکەندن و ڕاخستنی چەو (سبيس) ئەنجامدراون، جگە لە قیرتاوکردنی شەقامەکانی گەڕەکی باشووری دووەم و گەڕەکی جەزائیر."

پارێزگار ئاماژەی بە خێراکردنی کارەکان لە ناوچەی گەڕەکی زەیتون و نەسج کرد و وتی: "ئاگاداری کۆتاییمان (ئینزار) داوەتە کۆمپانیای جێبەجێکار و ١٥ ڕۆژ مۆڵەتمان بۆ داناوە، جەختیشمان کردووەتەوە لەسەر پێویستی چڕکردنەوەی هەوڵەکانی کۆمپانیاکە بۆ خێراکردنی پڕۆژەکە، بەتایبەت دەستکردن بە قۆناغەکانی کۆتایی نۆژەنکردنەوەی گەڕەکی حەزارە و ناوچەی سەدری یەکەم بەتەواوی."

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌یش هاتووه‌ كه‌: "کارەکان ڕووپێوی و ڕاخستنی چەویان بۆ شەقامەکانی گەڕەکی سەلام گرتووەتەوە، هەروەها ژمارەیەک شەقامی گەڕەکی باشووری دووەم قیرتاو کراون"، جەختیشی کردەوە کە "لە ماوەی داهاتوودا دەست دەکرێت بە قیرتاوکردنی گەڕەکی نوێ لە پارێزگاکەدا."

زاملی باسی لەوەش کرد کە ئیدارەی پارێزگا هەوڵێکی زۆری داوە بۆ دابینکردنی ئامێری تایبەتمەند لە مارکە جیهانییەکان بە تێچووی ٤ ملیار دینار بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئاوەڕۆی دیوانییە، ئەوەش بەهۆی پێویستی زۆری پارێزگاکە و ئەو گرفتانەی لە کەرتی ئاوەڕۆدا هەیەتی، ئاشکرایشی کرد کە یەکەم وەجبەی ئامێرەکان گەیشتوونەتە پارێزگا، لەگەڵ نۆژەنکردنەوەی وێستگەیەکی چارەسەری ئاو لە چوارچێوەی بودجەی پاڵپشتی ئاسایشی خۆراک و پەرەپێدانی هەرێمەکان.

لە کۆتاییدا ڕوونی کردەوە کە "کارەکان لەگەڵ ئەنجومەنی پارێزگای دیوانییە بەردەوامن بۆ تەواوکردنی پلان و بەرنامە هونەرییەکان بە مەبەستی پڕکردنەوەی کەلێنە گەشەپێدانییەکان لە فەرمانگە و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکاندا"، جەختیشی لە گەیشتنی زیاتر لە ١٠٠ پەمپی نوقمبوو (غاطس) و زمانەی (سکراوات) مارکەی ئەڵمانی کردەوە بۆ بەرزکردنەوەی توانای وێستگەکان.