بەغدا - INA
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی ناوخۆ، تۆمارکردنی نزیکەی 6 ملیۆن پارچە چەکی لە بانکی نیشتمانیی عێراق ڕاگەیاند.
وتەبێژی فەرمی وەزارەت، عەقید عەباس بەهادلی، لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) کەوتووە، ڕایگەیاند: "دۆسیەی ڕێکخستنی چەک پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، بە جۆرێک ژمارەی نووسینگەکانی تۆمارکردن گەیشتووەتە 864 نووسینگە لە سەرتاسەری عێراق، هەروەها 310,000 داواکاریی فۆرمی تۆمارکردن وەرگیراون و وردبینییان بۆ کراوە".
ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەو چەکانەی لە بانکی نیشتمانیی عێراق بۆ چەک ئەرشیف کراون، گەیشتوونەتە 5,800,000 پارچە چەکی کۆدکراو و ناسراو"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "تۆمارکردن لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنی (عەین ئەلعێراق)ـەوە دەبێت و فۆرمی تۆمارکردن بێ بەرامبەرە، نووسینگەکانیش سەرجەم ڕێکارەکان لە وەرگرتنی چەکەکەوە تا پێدانی مۆڵەت دەگرنە ئەستۆ، پڕۆسەی تۆمارکردنیش تاوەکو بەرواری 31/12/2026 بەردەوام دەبێت".

