بەغداد - INA
ئەمڕۆ یەکشەممە،دەستەی گشتیی گومرگ،گرنگیی ئابووری و ستراتیژیی مەرزی سنووریی (ڕەبیعە) ی لەگەڵ سووریا ڕوون کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە کردنەوەی مەرزەکە لە سبەی دووشەممەدا، دەبێتە هۆی بەهێزکردنی داهات و بوژانەوەی ئابووریی ناوچەکە، هاوکات جەختی لە ئامادەیی تەواوی ستافەکانیان کردەوە.
"سامر قاسم داوود " بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گشتیی گومرگ، لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ڕایگەیاند: مەرزەکە سبەی دووشەممە دەکرێتەوە، پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی مەرزەکە بە ڕێژەی **100%** تەواو بووە و ستافەکانی ئێمە و ستافەکانی دەستەی دەروازە سنوورییەکان و فەرمانگە پشتیوانەکان لە ئامادەیی تەواودان بۆ دەستبەکاربوون.
وتیشی:مەرزەکە گرنگییەکی ئابووری، سیاسی و ئەمنیی گەورەی هەیە، چونکە بۆ ئاڵوگۆڕی کاڵا و کەلوپەل و هەناردەکردنی نەوت بەکاردێت،و ئەم مەرزە دەبێتە ڕێڕەوێک بۆ کاڵا تورکییەکان لە ڕێگەی خاکی سووریاوە، ئەمەش هاوکار دەبێت لە زیادکردنی سەرچاوەکانی داهاتی دەوڵەت.
راشیگەیاند : کردنەوەی ئەم مەرزە وەک خوێنبەرێکی ئابووری و زیادکراوێکی ستراتیژی دەبێت بۆ دەستەبەرکردنی بەردەوامیی هەناردەکردن لەپاڵ هەردوو مەرزی قائیم و وەلید.
سەبارەت بە دۆخی ئەمنیش "داوود" جەختی کردەوە کە دۆخی سەر سنوور لەگەڵ وڵاتی هاوسێ سووریا، بەپێی ئاماژە ئەمنییەکان و هەماهەنگییە هاوبەشەکان بۆ پاراستنی سنوورەکان و تەواوی مەرزەکان زۆر باشە.


