بەغدا - INA - ویسام مەلا
ئەمڕۆ یەکشەممە، سامی مەسعوودی، سەرۆکی دەستەی باڵای حەج و عومرە، هۆکارەکانی بڕیاری پشتبەستن بە گواستنەوەی وشکانی (بەرەو دیاری پیرۆز) بۆ وەرزی حەجی ئەمساڵ ڕوون کردەوە و جەختی کردەوە کە ڕێکارەکان بۆ پاراستنی مافی حاجیانی عێراقی و گەرەنتی گەیشتنیان گیراونەتە بەر.
مەسعوودی لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ڕایگەیاند: بەهۆی نادیاریی بارودۆخی سەربازی و ئەمنیی ناوچەکە و نزیکبوونەوەی کاتی بەڕێخستنی حاجیان، پێویست بوو بڕیارێکی خێرا بدەین تاوەکو هەلی حەجکردن لە دەست عێراقییەکان نەچێت.
ئاماژەی بەوەش کرد : کە گرانبوونی نرخی بلیتەکانی فڕۆکە و ئەگەری دروستبوونی بەربەست لە هێڵە ئاسمانییەکان، وایکردووە گەشتی وشکانی وەک بژاردەیەکی دڵنیا و گونجاو دیاری بکرێت.
سەرۆکی دەستەکە ئەوەشی خستە ڕوو کە عێراق ئەزموونێکی باشی لە حەجی وشکانیدا هەیە و ساڵانە زیاتر لە 60%ی حاجیان بەو ڕێگایە گەشت دەکەن، و بۆ ئەمساڵیش، دەستەی حەج شوێنی حەسانەوەی بۆ حاجیان دروست کردووە لە دەروازەی سنووری "عەرعەر" و ڕێگاکانی ناو خاکی سعودیەش بە تەواوی ئامادە کراون و پاسی مۆدێرن و ژەمە خواردنی گەرم بە درێژایی ڕێگاکە دابین کراوە.
"مەسعوودی" لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا دووپاتی کردەوە : کە ئەوان نامانەوێت سەرکێشی بە گەشتی ئاسمانییەوە بکەن کە ڕەنگە بەهۆی بارودۆخی ناوچەکە تووشی قەدەغەی گەشت بێت،و هەروەك ڕایگەیاند کە ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو، نێردەی پزیشکی و کارگێڕی دەستەکە بەرەو مەدینەی منەوەرە بەڕێ دەکەون بۆ پێشوازی لە حاجیان.

