بەغداد - INA - نەساڕ حاج

وەزارەتی پلاندانان، ئەمڕۆ هەینی، گرنگترین پلانەکانی داهاتووی بۆ پەرەپێدانی زانیارییەکانی بازاڕی کار و پشتگیریکردنی کەرتی تایبەت ڕوون کردەوە، ئاماژەی بەوەشدا: هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان هەیە بۆ بنیادنانی سیستمێکی مۆدێرن بۆ بازاڕی کار لە عێراق.

عەبدولزەهرە هینداوی، وتەبێژی وەزارەتەکە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی" ڕاگەیاند: "وەزارەتی پلاندانان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و لایەنە نێودەوڵەتییەکانی تر، کار دەکات بۆ بنیادنانی سیستمێکی مۆدێرن بۆ زانیارییەکانی بازاڕی کار لە عێراق،" وتیشی: "ئەم سیستمە بە بەرزترین ئاستی وردی دەبێت و پەیوەست دەبێت بە واقیعی ئابوورییەوە، جگە لەوەی بە شێوەیەکی کاریگەر خزمەت بە کەرتی تایبەت دەگەیەنێت."

هینداوی ڕوونی کردەوە: کە "سیستەمی بازاڕی کار لە عێراق، لە ڕێگەی پەرەپێدانی سیستەمی زانیارییەکانی بازاڕی کار لە عێراق دێت، کە خۆی لە دروستکردنی بنکەدراوەیەکی نیشتمانیی یەکگرتوودا دەبینێتەوە و پەیوەندی دروست دەکات لە نێوان دەرچووانی خوێندن و ئەوانەی بەدوای کاردا دەگەڕێن، جگە لە پێداویستییە ڕاستەقینەکانی بازاڕی کار لە پسپۆڕییە جیاوازەکان."

ئاماژەی بەوەشکرد: "سیستەمەکە هەروەها لە ڕێگەی وەرچەرخانی دیجیتاڵی تەواو لە کۆکردنەوە و شیکردنەوەی داتاکان لە ڕێگەی پلاتفۆرمە ئەلیکترۆنییە یەکگرتووەکانەوە دێت، لەگەڵ نوێکردنەوەی بەردەوامی داتاکان لەبری پشتبەستن بە ڕووپێوییە دوور مەوداکان، بەتایبەتی دوای ئەوەی بنکەدراوەیەکمان لە ڕێگەی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان و نیشتەجێبوونەوە بۆ دروست بووە، هەروەها دەکرێت سیستەمەکە بە دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە (پلاندانان، کار، خوێندنی باڵا، پەروەردە) ببەسترێتەوە بۆ دەستەبەرکردنی تەواکاریی زانیارییەکان."

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "پێویستە ئامرازی شیکردنەوەی مۆدێرن بەکاربهێنرێت بۆ دیاریکردنی ئەو وەزیفانەی لە داهاتوودا پێویست دەبن، هەروەها کارامەییە دەگمەنەکان و ئەو کەرتانەی توانای گەشەکردنیان هەیە، وەک جێگیرکردنی نموونەی پلاندانانی پێشوەختە لەبری چارەسەرکردن دوای ڕوودانی بێکاری."

سەبارەت بە پاڵپشتیکردنی کەرتی تایبەت، هینداوی ڕوونیکردەوە: "ئەمە لە ڕێگەی دابینکردنی داتای ورد بۆ وەبەرهێنەران دەبێت دەربارەی بەردەستبوونی دەستی کار، ئاستی کارامەیی، و مووچە باوەکان، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی بۆشایی زانیاری کە ڕێگرە لەبەردەم بڕیارەکانی وەبەرهێنان، هەروەها پشتگیریکردن و دروستکردنی پڕۆژەی بچووک و مامناوەند؛ دەکرێت باس لە ڕاهێنان و گونجاندنی دەرچووانی خوێندن و ڕاهێنان لەگەڵ پێداویستییەکانی بازاڕی کار بکەین، لەگەڵ پەرەپێدانی پڕۆگرامەکانی ڕاهێنانی پیشەیی و بەشداریکردنی کەرتی تایبەت لە داڕشتنی پڕۆگرامەکانی ڕاهێناندا."

باسی لەوەشکرد: "پرسێکی گرنگ هەیە پەیوەستە بە تێکەڵکردنی ئابووریی ڕێکنەخراو لە ڕێگەی دانانی میکانیزمێک بۆ چاودێریکردنی کرێکارانی نافەرمی، کە ڕێژەیەکی زۆرن لە عێراق، بە جۆرێک بەرە بەرە بخرێنە ناو سیستەمی فەرمییەوە بۆ سوودوەرگرتن لە داتاکان و فراوانکردنی بنکەی باج."

لە بواری هەماهەنگی نێودەوڵەتیدا، هینداوی جەختیکردەوە، لەسەر "بوونی هەماهەنگییەکی ڕاستەقینە لەگەڵ ڕێکخراوەکانی وەک پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی و ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کار بۆ سوودوەرگرتن لە شارەزاییە جیهانییەکان لە بونیادنانی سیستەمی زانیاری تایبەت بە بازاڕی کار، جگە لە پاڵپشتیکردنی کارسازی لە ڕێگەی بەکارهێنانی داتاکانی بازاڕ بۆ دیاریکردنی هەلی وەبەرهێنانی نوێ، هەروەها پاڵپشتیکردنی سەنتەرەکانی پێگەیاندنی پڕۆژەکان و پڕۆژە داهێنەرەکان، و ئاڕاستەکردنی گەنجان بەرەو کەرتە هیبەخشەکان لەبری کۆبوونەوە لە وەزیفە حکومییەکاندا."