هەولێر - INA

ئه‌مڕۆ هه‌ينى، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، و تۆم باراک نێردەی سەرۆکی ئەمریكا بۆ كاروبارى سووريا، دۆخى ناوچه‌كهیان‌ تاوتوێ كرد.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: ئه‌مڕۆ هه‌ينى 2026/4/17 نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە ميانى كارنامه‌كه‌يدا له‌ کۆڕبەندی ديپلۆماسيى ئانتالیا لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریكا بۆ کاروباری سووریا و باڵیۆزی ئەم‌ریکا لە تورکیا کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌مريكا، دوایین پێشهاتەکانی دۆخی سووریا و ڕه‌وشى كورديان له‌و وڵاته‌ تاوتوێ كرد، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى پێشهاته‌كانى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لێکەوتەکانی شەڕ لەسەر ئاسایشی ناوچەکە، بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌.

هه‌ردوولا تيشكيان خسته‌ سه‌ر كاريگه‌ريى شه‌ڕ له‌سه‌ر عێراق و هه‌رێمى كوردستان، هه‌روه‌ها جەختیان لە گرنگیی هەماهەنگی و کارکردنی بەردەوام بۆ چەسپاندنی ئاشتی و پاراستنى ئارامى و سەقامگیری له‌ ناوچه‌كه‌دا كرده‌وه‌.

چه‌ند بابه‌تێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.