بەغدا -INA- محەمەد ناسر

کۆمپانیای نەوتی بەسرە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، کردنەوەی کارگەیەکی گشتگیربۆ دروستکردنی ڕەحلەی قوتابخانەی بۆ بەرژەوەندی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی بەسرە ڕاگەیاند، ئاماژەی بەوەش کرد کە پڕۆژەکە لە چوارچێوەی بودجەی قازانجە کۆمەڵایەتییەکانە .

عیماد حەسەن لەفتە، بەڕێوەبەری دەستەی کارپێکردنی کێڵگەی ڕومەیلە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: کۆمپانیای نەوتی بەسرە لە ڕێگەی کارپێکەری کێڵگەی ڕومەیلەوە، کارگەیەکی گشتگیر بۆ دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی ڕەحلەی قوتابخانەی بۆ بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی بەسرە کردەوە، ڕوونیشیکردەوە کە پڕۆژەکە بەپێی ڕێنماییەکانی جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوت، حەیان عەبدولغەنی ئەلسەواد بووە، بە هەماهەنگی لە نێوان هۆبەی قازانجە کۆمەڵایەتییەکانی کێڵگەی ڕومەیلە و لیژنەی قازانجە کۆمەڵایەتییەکان لە پارێزگای بەسرە.

وتیشی: ئەم پڕۆژەیە یەکێکە لە پڕۆژە بەردەوامەکان کە هەزاران قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە پارێزگای بەسرە لێی سوودمەند دەبن و لە داهاتووشدا هەزاران قوتابی کەڵکی لێ وەردەگرن.

ئەوەشی ڕوونکردەوە کە ڕەحلەی قوتابخانە یەکێکە لە پێداویستییە بنەڕەتییەکانی خوێندن و لەو کەرەستانەیە کە زۆر بەکاردێت و پێویستی بە نۆژەنکردنەوەی بەردەوامە، جیا لەوەی بەهۆی زیادبوونی ژمارەی قوتابیانەوە پێویستی بە دروستکردنی ڕەحلەی نوێ هەیە.

ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم پڕۆژەیە هاوکار دەبێت لە دابینکردنی پێداویستییەکانی پەروەردەی بەسرە بۆ نۆژەنکردنەوەی ڕەحلە کۆنەکان و دروستکردنی ڕەحلەی نوێ, تیشکی خستە سەر ئەوەش کە پڕۆژەکە لە دوو قۆناغ پێکهاتبوو؛ قۆناغی یەکەم تەواوکردنی باڵەخانەی وەرشەکە بوو لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤، و قۆناغی دووەم دابینکردنی ئامێر و کەلوپەلەکان بوو کە تیمەکانی کارپێکردن توانای دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی ڕەحلەکانیان پێ دەبەخشێت