بەغداد – INA

دەستەی کەشناسی، ئەمڕۆ چوارشەممە، وردەکاریی ڕەوشی کەشوهەوای وڵاتی بۆ ڕۆژانی داهاتوو بڵاوکردەوە و پێشبینی دەکات لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە شەپۆلێکی بارانبارین و هەورەبرووسکە ڕوو لە ناوچە جیاجیاکان بکات.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی دەستەکە کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، هاتووە: "کەشوهەوای سبەی پێنجشەممە لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور هەور دەبێت و لە ناوچەکانی باکوور نیمچە هەور دەبێت. پلەکانی گەرما لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باکوور کەمێک بەرز دەبنەوە و لە باشوور جێگیر دەبن. هەروەها خێرایی با لە ناوچەکانی باشوور چالاک دەبێت بۆ 40 کم و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵ."

پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی پێنجشەممە:دهۆک 21، هەولێر 22، سلێمانی و نەینەوا 23، کەرکوک 25، دیالە 26، سەڵاحەدین و ئەنبار و واست 27، بەغداد و کەربەلای پیرۆز 28، بابل 29، نەجەفی ئەشرەف و دیوانیە و میسان 30، زیقار و موسەنا 31، بەسرە 32 پلەی سیلیزی دەبێت.

لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە: "ڕۆژی هەینی ئاسمان لە نیمچە هەورەوە دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور، لەگەڵ ئەگەری بارینی بارانی کەم و مامناوەند لە بەشە ڕۆژئاواییەکانی ئەو دوو ناوچەیە لە کاتەکانی شەودا. پلەکانی گەرما لە سەرتاسەری وڵات چەند پلەیەک بەرز دەبنەوە."

سەبارەت بە ڕۆژی شەممەی داهاتوو، کەشناسی ئاماژەی بەوە کردووە: "ئاسمان بە گشتی هەور دەبێت و بارانی مامناوەند دەبارێت کە هەورەبرووسکەی لەگەڵدا دەبێت، لە هەندێک شوێنی دیاریکراوی ناوچەی ناوەڕاست لە کاتەکانی شەودا بارانەکە بەخوڕ دەبێت. خێرایی با لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور دەگاتە 50 کم و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵ."

لە کۆتاییدا هاتووە: "ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو کەشوهەوا لە ناوچەکانی باکوور و باشوور هەور دەبێت لەگەڵ بارینی بارانی مامناوەند، لە ناوچەی ناوەڕاستیش ئاسمان نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بارانی مامناوەند و هەورەبرووسکە لە بەشە ڕۆژهەڵاتییەکانیدا، پلەکانی گەرماش چەند پلەیەک لە سەرتاسەری وڵات دادەبەزن."