بەدواداچوون - INA

ئەمڕۆ چوارشەممە،جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، جەختی لەوە کردەوە: دانوستانکارە ئێرانییەکان دەیانەوێت ڕێککەوتن لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکاندا واژۆ بکەن.

ڤانس لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "ئاگربەستی ئێستا جێگیرە"، جەختیشی کردەوە: کە "ویلایەتە یەکگرتووەکان سەرقاڵی دانوستانە لەگەڵ ئێران، لە نێوەندێکدا کە نیشانەکان ئاماژە بە ئارەزووی دانوستانکارە ئێرانییەکان دەکەن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن."

ڤانس ڕوونیکردەوە: "سەرۆک دۆناڵد ترامپ هەوڵ بۆ ڕێککەوتنێکی سنووردار نادات، بەڵکو بەدوای 'گرێبەستێکی گەورەدا دەگەڕێت کە ململانێکان بە تەواوی کۆتایی پێ بهێنێت"، ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەم ڕێککەوتنە لەوانەیە تێکەڵکردنی ئێران بە ئابووری جیهانی لەخۆ بگرێت، لە بەرامبەر وازهێنانی لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی و ڕاگرتنی پشتگیریکردنی ئەوەی کە بە 'تیرۆر' وەسفی کرد."

وتیشی: "واشنتۆن ڕێگایەکی ڕوونی خستووەتە بەردەم تاران کە لەسەر بنەمای هەڵسوکەوتکردن وەک دەوڵەتێکی ئاسایی دامەزراوە، لە بەرامبەر مامەڵەکردنی ئابووری هاوشێوە لەگەڵیدا"، ئاماژەی بەوەشکرد کە "میراتێکی گەورە لە بێمتمانەیی لە نێوان هەردوولادا هەیە کە ناتوانرێت بە خێرایی تێپەڕێنرێت."

جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە بەدیهێنانی "پێشکەوتنی گەورە" کرد لە ڕێڕەوە دیپلۆماسییەکانی دیکەدا، جەختییشیکردەوە: کە "سیاسەتی ئیدارەی ترامپ ڕوون و بڕاوەیە سەبارەت بە ڕێگریکردن لە ئێران بۆ خاوەندارێتی چەکی ئەتۆمی"، دووپاتیشیکردەوە: کە هەوڵە دیپلۆماسییەکان و دانوستان بە نێیەتێکی باشەوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر بەردەوام دەبن، سەرەڕای ئاڵۆزییەکانی.