نێودەوڵەتی – INA
میدیاکانی پاکستان، ئەمڕۆ سێشەممە ئاشکرایان کرد کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دەچێتە شاری ئیسلام ئاباد لە پاکستان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ وەفدی ئێرانی بە مەبەستی داڕشتنی کۆتا دەستکارییەکانی ڕێککەوتنی ئیسلام ئاباد.
ڕۆژنامەی (چاودێری پاکستانی - The Pakistan Observer) لە هەواڵێکدا کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع) وەرگێڕانی بۆ کردووە، ڕایگەیاندووە: "ئەگەرێکی بەهێز هەیە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، سەردانی ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بکات بۆ کۆتاییهێنان بە ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئێران".
ڕۆژنامەکە لە زاری ساجد تەرار، شرۆڤەکاری پەیوەندییەکانی ئەمریکا-پاکستان و جیۆپۆلیتیکی باشووری ئاسیا گواستووەتەوە: "دەنگۆکان لە واشنتۆنی پایتەخت ئاماژە بەوە دەکەن کە سەرۆک ترەمپ خۆی دەچێتە ئیسلام ئاباد بۆ بینینی وەفدی ئێرانی و تەواوکردنی ڕێککەوتنی ئیسلام ئاباد".
ڕۆژنامەکە ڕوونی کردووەتەوە کە "ڕەنگە هەردوولا لە زووترین کاتدا و لە ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتووەوە دەست بە گەڕی دووەمی گفتوگۆکان بکەن".
پێشتریش هەر ئەمڕۆ سێشەممە، دۆناڵد ترەمپ جەختی کردەوە کە دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران لە پایتەختی پاکستان، ڕەنگە لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا بێت.
لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی (نیویۆرک پۆست) ترەمپ وتی: "پێدەچێت گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا لە پاکستان بەڕێوەبچن".
هەروەها وتیشی: "ئێمە زیاتر مەیلمان بۆ ئەوە هەیە بچینە پاکستان بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆکان سەبارەت بە ئێران".


