نێودەوڵەتی – INA
توێژینەوەیەکی نوێی زانکۆی "ستیرلنغ" و دەستەی تەندروستی گشتی لە سکۆتلەندا، کەمبوونەوەیەکی بەرچاوی لە بەرکەوتنی جگەرەکێشانی ناڕاستەوخۆ (Passive Smoking) ئاشکرا کرد، کە گەیشتووەتە نزیکەی 96% لەو کاتەوەی یاسای قەدەغەکردنی جگەرەکێشان لە شوێنە گشتییە داخراوەکان لە ساڵی ٢٠٠٦دا جێبەجێ کراوە.
توێژینەوەکە پشتی بە شیکردنەوەی داتاکانی زیاتر لە چارەگە سەدەیەک (١٩٩٨–٢٠٢٤) بەستووە، لەگەڵ پێوانی ئاستی "کۆتینین" لە ناو دەمی ئەو کەسانەی جگەرە ناکێشن، کە نیشاندەرێکی وردە بۆ بەرکەوتن بە دووکەڵی تووتن، ئەنجامەکانیش دەریانخستووە کە پاشەکشەکە لە ساڵانی یەکەمی دوای جێبەجێکردنی قەدەغەکردنەکەدا زۆر خێرا بووە، پێش ئەوەی لە ساڵی ٢٠١١وە خێراییەکەی کەمببێتەوە.
سەرەڕای ئەم پێشکەوتنە، هێشتا نزیکەی چارەگەکی ئەو کەسانەی جگەرە ناکێشن بەر دووکەڵی تووتن دەکەون، بەتایبەتی لەو ژینگانەی کاردا کە قەدەغەکردنەکە بە تەواوی نایانگرێتەوە، وەک شوێنە کراوەکانی کەرتی میوانداری، هۆکارەکانی گواستنەوە، و ئەو ماڵە تایبەتانەی کە کارمەندان سەردانیان دەکەن.
هەروەها توێژینەوەکە باشبوونی ژینگەی ماڵەکانی تۆمارکردووە، بەجۆرێک ڕێژەی ئەو ماڵانەی لە جگەرەکێشان خاڵین لە 75%ـەوە بۆ زیاتر لە 90% بەرزبووەتەوە، ئەمەش بە واتای سەدان هەزار خێزانی زیادە دێت کە ماڵەکانیان لە دووکەڵ پاک بووەتەوە.
لە بەرامبەردا، ئەنجامەکان هۆشدارییان داوە لە فراوانبوونی جیاوازیی نێوان چینە کۆمەڵایەتییەکان، چونکە ئەو ماڵانەی لە ناوچە هەرە بێبەشەکاندان (هەژارنشین) زیاتر ڕێگە بە جگەرەکێشان دەدەن لە ناوەوە بە بەراورد بە ناوچە کەمتر بێبەشەکان.
توێژەران داوایان کردووە مەودای یاساکانی قەدەغەکردن فراوانتر بکرێت تاوەکو شوێنی کاری زیاتر بگرێتەوە، لەگەڵ بەهێزکردنی پڕۆگرامەکانی وازهێنان لە جگەرە، بۆ کەمکردنەوەی پاشماوەی بەرکەوتنەکان و چارەسەرکردنی نایەکسانییە تەندروستییەکان.

