بەسرە – INA – محەمەد ناسر

کۆمەڵەی مانگی سووری عێراقی، ئەمڕۆ سێشەممە، کردنەوەی وێستگەی ئاوی "جوبەیلی" لە پارێزگای بەسرە ڕاگەیاند، کە توانای بەرهەمهێنانی ٢٠٠ مەتر سێجا ئاوی لە کاتژمێرێکدا هەیە.

عەلا حسێن، وتەبێژی کۆمەڵەکە لە بەسرە، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "کۆمەڵەی مانگی سووری عێراقی ئەمڕۆ وێستگەی ئاوی جوبەیلی کردەوە، کە توانای بەرهەمهێنانی ٢٠٠ مەتر سێجا ئاوی لە کاتژمێرێکدا هەیە و وێستگەیەکی تەواوگیرە بۆ پاڵاوتن و پاکژکردنەوە (تەعقیم)."

وتیشی: "ئەم وێستگەیە خزمەت بە ناوچەکانی جوبەیلی، جەنێنە، گەڕەکی ڕەزا و بەشێک لە حەکیمییە دەکات، ئەمەش لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی (ئیکۆ - ECHO) کە کۆمەڵەکە جێبەجێیان دەکات."

ڕوونیشی کردەوە کە "پڕۆژەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا و خاچی سووری نەرویژی، و بە بەشداری کادر و ئەندازیارانی عێراقی جێبەجێ کراوە. وێستگەکە لە ناوخۆی عێراق دروست کراوە و کۆمپانیای (دار ئەلمائ - دار الماء) ئەرکی ئامادەکردنی نەخشە و دیزاینەکانی ئەم پڕۆژەیەی لە ئەستۆ گرتووە."

تەئکیدیشی کردەوە کە "ئامانجی کۆمەڵەی مانگی سووری عێراقی گەیاندنی ئاوی تەندروست و شیاوی خواردنەوەیە بۆ هاووڵاتیانی پارێزگای بەسرە و بەهێزکردنی کەرتی خزمەتگوزاری و تەندروستییە لە پارێزگاکەدا."