نێودەوڵەتی – INA
یانەی ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانی چاوەڕێی یارییەکی بەهێز بەرامبەر ڕکابەرەکەی، بایرن میونشنی ئەڵمانی دەکات، کە بڕیارە سبەی چوارشەممە لە چوارچێوەی یارییەکانی خولی پاڵەوانەکانی ئەوروپا بەڕێوەبچێت بۆ یەکلاییکردنەوەی سەرکەوتن بۆ قۆناغی پێش کۆتایی.
ڕیاڵ مەدرید لە یاریی گەڕانەوەی قۆناغی چارەکی کۆتایی خولی پاڵەوانەکانی ئەوروپا، لە یاریگای "ئالیانز ئەرینا" دەبێتە میوانی بایرن میونشن.
کیلیان مباپێ، هێرشبەری ڕیاڵ مەدرید، ئەمڕۆ گەڕایەوە بۆ بەشداریکردن لە ڕاهێنانەکانی تیپەکەیدا، دوای ئەوەی دوێنێ بەهۆی برینێکی قووڵ لە سەرووی چاویەوە دابڕابوو؛ مباپێ لە یارییەکەی بەرامبەر جیرۆنا بەهۆی لێدانێکی ئەنیشکی ڤیتۆر ڕیس تووشی ئەو برینە و خوێنبەربوون ببوو لەنێو یاریگادا.
بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی "لیکیپ"ی فەڕەنسی، مباپێ لە یاریی گەڕانەوەی قۆناغی چارەکی کۆتایی بەرامبەر بایرن میونشن بە شێوەی سەرەکی بەشدار دەبێت، بەڵام بەهۆی گەورەیی برینەکەیەوە بە "پێچەرێکی گەورە" (Bandage) یاری دەکات، بەوپێیەی ئەو یاریزانە پێویستی بە سێ تەقەڵ لە سەرووی برۆی ڕاستی و تەقەڵێکی دیکە لە نێوچەوانیدا بووە.
دانانی ئەم پێچەرە وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی دێت بۆ پاراستنی مباپێ دوای پێکانە کۆتاییەکەی، چونکە ئالڤارۆ ئاربێلوا، ڕاهێنەری ڕیاڵ مەدرید، دەیەوێت لە هێڵی هێرشبەریدا بەرامبەر بایرن میونشن پشتی پێ ببەستێت.
جێی وەبیرهێنانەوەیە، یاریی چوون لە نێوان هەردوو تیپەکەدا لە یاریگای "سانتیاگۆ بێرنابیۆ"ی تایبەت بە ڕیاڵ مەدرید، بە سەرکەوتنی بایرن میونشن بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک کۆتایی هاتبوو.
سەرچاوە: ئاژانسەکان

