بەغدا - INA - حەسەن فەواز
ئەمانەتی بەغدا، ئەمڕۆ سێشەممە، دەستپێکردنی هەڵمەتی بەهارەی بۆ دارچاندن و کێڵان ڕاگەیاند، ئەوەش لە چوارچێوەی پلانەکانی ئەمانەت بۆ باشترکردنی ژینگە و زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی لە بەغدای پایتەخت.
ڕەزاق یەعقوبی، بریکاری شارەوانی لە ئەمانەتی بەغدا، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "پلانەکانی کێڵان و چاندن دوو تەوەرەی سەرەکی دەگرێتەوە؛ یەکەمیان پەیوەستە بە کارنامەی حکومەت کە لەلایەن سەرۆک وەزیران محەمەد شیاع سودانی-یەوە ڕاگەیەندراوە و ئامانجی باشترکردنی دۆخی ژینگەیە، دیارترین پڕۆژەکانیشی دروستکردنی دارستانەکانی بەغدایە لە شوێنی پێشووی سەربازگەی ڕەشید، لەگەڵ پڕۆژەی پشتێنی سەوز. تەوەرەی دووەمیش پەیوەندی بە بەرنامە وەرزییەکانی ئەمانەتی بەغداوە هەیە."
ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەمانەت پشت بە دوو وەرزی چاندن دەبەستێت، وەرزی پایز و وەرزی بەهار،" ڕوونیشیکردەوە کە "هەڵمەتی بەهارە لە ١٢ی ئازارەوە دەستی پێکردووە و ئامادەکردن و چاندنی ٣٠٠ هەزار دار و نەمامی گرتووەتەوە، ئەوەش بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەکانی شارەوانی و باخچەکان."
ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا کە "هەڵمەتەکە کردنەوەی زیاتر لە ١٥ باخچە و سەیرانگای لە ناوچە جیاجیاکانی پایتەخت لەخۆگرتووە، لەگەڵ چاندنی زیاتر لە سێ ملیۆن گوڵ و ڕووەک،" جەختیشی کردەوە کە "پلانەکە ئامانجی زیادکردنی ١٦٢ دۆنم ڕووبەری سەوزایی نوێیە لە ماوەی ئەمساڵدا."
