بەغدا – INA

ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، جەختی لە پەرۆشی حکومەت کردەوە بۆ پاڵپشتیکردنی نوێنەرایەتی سیاسی هەموو پێکهاتەکان.

لە ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیراندا کە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) کەوتووە، هاتووە: "سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، پێشوازی کرد لە وەفدێک کە پێکهاتبوون لە نوێنەرانی بزووتنەوەی بابیلیۆن لە ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا و مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەکە".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە: "لە میانی دیدارەکەدا، باس لە پرسە گشتییەکانی وڵات و پەرەسەندنەکانی بارودۆخی ناوچەکە کرا، هەروەها جەختکرایەوە لەسەر پێویستی پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی حکومەت لە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و دوورخستنەوەی مەترسییەکان لە عێراق".

سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە لە "پەرۆشی حکومەت بۆ پاڵپشتیکردنی نوێنەرایەتی سیاسی هەموو پێکهاتەکان، و دابینکردنی پێداویستییەکانی عێراقییەکان لە هەموو چین و توێژە جیاوازەکان"، ئاماژەشی بە "گرنگی یەکخستنی کار و هەوڵەکانی هەموو هێزەکان کرد لە پشتیوانیکردنی بەرنامە گەشەپێدان و خزمەتگوزارییەکانی حکومەت".