بەغدا - INA - محەمەد تالبی

ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی پلاندانان، تەواوبوونی ئامادەکردنی پلانی پڕۆژە وەبەرهێنانەکانی ناو بودجەی ساڵی 2026ی ڕاگەیاند، جەختیشی کردەوە کە پێوەرگەلێکی دیاریکراو پەیڕەو کراون بۆ دەستەبەرکردنی گونجانی پڕۆژەکان لەگەڵ بەرنامەی حکومەت و پلانی گەشەپێدانی نیشتمانی.

عەبدولزەهرە هینداوی، وتەبێژی فەرمی وەزارەتەکە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ڕاگەیاند: "وەزارەت لە ماوەی ڕابردوودا کاری کردووە بۆ ئامادەکردنی پلانی پڕۆژە وەبەرهێنانەکان لە چوارچێوەی بودجەی 2026، ئەمەش دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوەی تەکنیکی و هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتەکان و لایەنە نەبەستراوەکان بە وەزارەت و پارێزگاکان"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "دیدگای ناو ئەم پلانە بریتییە لە گونجان لەگەڵ لەپێشینەکانی بەرنامەی حکومەت و پلانی گەشەپێدانی نیشتمانی کە پێشتر وەزارەت ئامادەی کردووە و بۆ ساڵانی 2024 - 2028 ڕایگەیاندووە".

هینداوی ڕوونیکردەوە "تەرکیزی ناو ئەم پلانە لەسەر تەواوکردنی پڕۆژە بەردەوامەکان و کەمکردنەوەی تۆمارکردنی پڕۆژەی نوێیە مەگەر بۆ زەروورەت بێت"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "ژمارەیەکی کەم نین لە پڕۆژەی وەبەرهێنان لە ناو پلانی 2026 کە بە (پڕۆژە بەردەوامەکان) ناودەبرێن و ڕێژەی جێبەجێکردنی جیاوازیان هەیە، هەندێکیان پێشکەوتوون و هەندێکی تریان لە ناوەڕاستدان بەپێی دەستپێکردنی جێبەجێکردن لەو ماوەیەی بۆ هەر پڕۆژەیەک دیاریکراوە".

ئاماژەی بەوەشکرد"وەزارەتی پلاندانان چەند پێوەرێکی بۆ ئەم پڕۆژانە داناوە، گرنگترینیان سوودی ئابووری و کاریگەریی خزمەتگوزاری هەر پڕۆژەیەکە بۆ سەر هاوڵاتیان"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "پڕۆژەکان تەرکیزیان خستووەتە سەر کەرتە زیندووەکانی وەک کەرتی ژێرخان کە ئاو، ئاوەڕۆ، ڕێگاوبان و پردەکان دەگرێتەوە، هەروەها کەرتی وزەی کارەبا، ئاو، گواستنەوە و گاز، جگە لە کەرتی خزمەتگوزاری کە پەیوەستە بە تەندروستی، پەروەردە، شارەوانییەکان، نیشتەجێبوون و ئاوەدانکردنەوە، ئاسایشی خۆراک و کەرتەکانی کشتوکاڵ و گواستنەوە".

جەختیشی کردەوە کە "لەپێشینە بۆ ئەو کەرتانە بووە کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ژیانی خەڵکەوە هەیە و بەشدارن لە باشترکردنی ئاستی خزمەتگوزارییەکان، جگە لەو پڕۆژانەی پاڵپشتی سەقامگیری ئابووری دەکەن و هەلی کار لە سەرتاسەری عێراق دەڕەخسێنن".