بەغدا – INA – محەمەد تالبی

ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی بازرگانی، ڕایگەیاند کە زەخیرەی ستراتیژیی خۆراک بۆ زیاتر لە ساڵێک بەش دەکات، هاوكات پلانێکی بۆ دروستکردنی 150 هایپەرمارکێت ئاشکرا کرد.

وتەبێژی وەزارەت، محەمەد حەنوون، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ڕایگەیاند: "وەزارەت خاوەن زەخیرەیەکی ستراتیژیی گەورەی ماددە خۆراکییەکانە کە بۆ زیاتر لە ساڵێک بەش دەکات، بەتایبەت گەنم، جگە لە دابینکردنی زیاتر لە شەش ژەمە خۆراک لە چوارچێوەی سەبەتەی خۆراکدا، لەگەڵ هێنانەناوەوەی ماددەی نوێ لە ڕێگەی هاوردەکردن لە چەندین بەندەری جیاوازەوە، لەوانە بەندەری عەقەبە و بەندەرەکانی تورکیا."

ئەوەشی خستە ڕوو کە "عێراق لە ئێستادا بەدەست کەمیی ماددە خۆراکییەکانەوە ناناڵێنێت، ئەمەش بەهۆی ڕێکارە حکومییەکان و پلانەکانی وەزارەتی بازرگانی بۆ مسۆگەرکردنی زەخیرەی ستراتیژی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەنگژەکان."

سەبارەت بە پڕۆژەی هایپەرمارکێت، حەنوون جەختی کردەوە: "وەزارەت بەردەوامە لە جێبەجێکردنی پلانێک بۆ دروستکردنی 150 هایپەرمارکێت لە چوارچێوەی پلانی پێنج ساڵەدا، بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتە خۆجێییەکان بۆ تەرخانکردنی زەوی، بە مەبەستی دابینکردنی ماددە خۆراکییەکان بە نرخێکی گونجاو و پاڵپشتیکراو، بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی، بەتایبەت بۆ ئەوانەی داهاتیان سنووردارە."