بەغدا ـ INA ـ نەسار حاج

ئەمڕۆ دووشەممە ، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیران، مەزهەر محەمەد ساڵح، جەختی کردەوە کە داخستنی گەرووی هورمز هەڕەشە لە بازاڕەکانی وزەی جیهان دەکات، هاوکات ئاماژەی بە بوونی پێشنیارێک کرد بۆ پەرەپێدانی ڕێڕەوە لۆجیستییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەو وڵاتە دراوسێیانەی تێچوویان کەمترە.

ساڵح بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "لێکەوتەکانی داخستنی گەرووی هورمز بە پلەی یەکەم بەندە بە ماوەی ململانێی ئێستای ناوچەکە، کە ئایا کورتخایەن دەبێت یان بۆ چەندین ساڵ درێژە دەکێشێت، چونکە ئەمە ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی لەسەر بازاڕەکانی وزە و ئابووری جیهانی دەبێت."

ڕوونیشیکردەوە، "ساریۆی داخستنی درێژخایەن بە تەواوی جیاوازە لە جەنگە کورتەکان، چونکە دەبێتە هۆی کاریگەری قووڵ لەسەر بازاڕەکانی وزەی جیهان و پێگەی نەوت وەک کاڵایەکی ستراتیژی بە ڕەهەندی سیاسی و ئابووری یەکلاکەرەوە بەهێزتر دەکات."

ئاماژەی بەوەش کرد، "بەردەوامیی جەنگ بۆ چەندین ساڵ، ڕەنگە کەنداو بگۆڕێت بۆ دەریایەکی نیمچە داخراو لەبەردەم بازرگانی جیهانیدا، ئەمەش وڵاتانی دەوروبەری، لەوانە عێراق و سعودیە و ئێران، ناچار دەکات پەیوەندییە بازرگانییەکانیان سەرلەنوێ دابڕێژنەوە، بەتایبەت سەبارەت بە دەروازەکانی هەناردەکردنی نەوت و ئاڵوگۆڕی بازرگانی." ئاماژەی بەوەش کرد "تێچووی ململانێکە بۆ وڵاتانی کەنداو زۆر بەرز دەبێتەوە، ئەمەش وا دەخوازێت پێداچوونەوە بە جوگرافیای ئابووری بکرێت و بەدوای دەروازەی بازرگانی بەدیلدا بگەڕێن."

باسی لەوەش کرد کە "بژاردەکانی عێراق تا ڕادەیەک سنووردارن، چونکە بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە دەروازە وشکانییەکان بەرەو وڵاتانی دراوسێ دەبەستێت کە دەڕواننە سەر دەریاکان، وەک تورکیا، ئوردن، سوریا و لوبنان، جگە لە شانشینی عەرەبی سعودیە. هەرچەندە تێچووی بەدیلەکان لە کورتخایەندا بەرزە، بەڵام پێویستییەکە وا دەخوازێت سیستمێکی لۆجیستی وشکانیی تۆکمە بنیات بنرێت کە بە بەندەرە هەرێمییەکانەوە بەسترابێتەوە."

ئەوەشی خستە ڕوو کە "تەوژمێکی ڕوو لە زیادبوون هەیە بۆ پەرەپێدانی ڕێڕەوە لۆجیستییەکان، چ کۆنەکان یان ئەوانەی تازە دروستکراون، بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەو وڵاتە دراوسێیانەی تێچوویان کەمترە، بۆ دەستەبەرکردنی بەردەوامیی ساغکردنەوەی نەوتی عێراق و جوڵەی بازرگانی."

دووپاتیشیکردەوە کە "پڕۆژەی (ڕێگەی گەشەپێدان) پایەیەکی بنەڕەتییە لەم ئاراستەیەدا، چونکە کار دەکات بۆ بەستنەوەی بەرژەوەندییە ئابوورییە هەرێمییەکان بە تۆڕەکانی گواستنەوە و بازرگانی کە سەقامگیری بەهێز دەکەن و پشتپەستن بە ڕێڕەوە دەریاییە هەستیار و تێچوو بەرزەکان کەمدەکەنەوە."

لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد کە "هۆکاری یەکلاکەرەوە لە درێژخایەندا هەر کردنەوەی گەرووی هورمز و مانەوەیەتی وەک ڕێڕەوێکی ئازاد بۆ بازرگانی جیهانی، بەجۆرێک کە لەگەڵ بنەماکانی ئازادیی گەشتی دەریایی و مافی وڵاتان بگونجێت."