بەدواداچوون – INA
ئەمڕۆ یەكشەممە مەسعوود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی هاوسەنگ و دادپەروەرانە دووپاتكردەوە كە گەرەنتی ئاشتی و ئاسایشی هەمیشەیی لە ناوچەكەدا بكات.
سەرۆكایەتی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەیاننامەیەكی ڕۆژنامەوانیدا، كە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) بەدواداچوونی بۆ كردووە و ڕایگەیاندووە : مەسعوود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوتا ڕووسیەكەی، ڤلادیمێر پوتین، باسی ڕاگەیاندنی ئاگربەستی ئێستا و پێشكەوتنی دانوستانەكانی ئیسلام ئابادی كرد.
پزیشكیان جەختی لەوە كردەوە : كە گەورەترین بەربەست لەبەردەم گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی دادپەروەرانە دوو پێوەر و مەیلی هەژموونخوازانەی لایەنی ئەمریكییە، ئاماژەی بەوەشكرد كە هێڵی سووری ئێمە بەرژەوەندییە نیشتمانییەكانە، ئەگەر ئەمریكا پابەند بێت بە چوارچێوە یاساییە نێودەوڵەتییەكان، ئەوا گەیشتن بە ڕێككەوتنێك قورس نابێت.
دووپاتی كردەوە : ئامادەیی بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی هاوسەنگ و دادپەروەرانە كە گەرەنتی ئاشتی و ئاسایشی بەردەوام لە ناوچەكەدا بكات.


