بەغدا- INA - ئامینە سەلامی
ئەمڕۆ یەكشەممە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی كۆمەڵایەتی لە وەزارەتی ناوخۆ دووپاتی كردەوە كە دۆخی ئەمنی لەژێر كۆنتڕۆڵدایە و بە درێژایی كاتژمێر بە وردی چاودێری دەكرێت، هەروەها ئاماژەی بەوەدا كە لایەنە پەیوەندیدارەكان ڕێكاری یاسایی بەرامبەر ئەو كەسانە دەگرێتەبەر كە دەنگۆ بڵاودەكەنەوە.
بەڕێوەبەری پۆلیسی كۆمەڵایەتی عەمید عەلی عەجمی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند : هێزە ئەمنییەكان، بە هەموو پێكهاتەكانیانەوە، بە درێژایی كاتژمێر لە نزیكەوە چاودێری دۆخەكە دەكەن، هەروەها دۆخی ئەمنی لە ژێر كۆنتڕۆڵدایە، داواش لە هاووڵاتیان دەكات بە دەنگۆ و هەواڵی باوەڕپێنەكراوەوە نەجووڵێن و تەنها لە سەرچاوە فەرمییەكانەوە زانیاری وەربگرن.
ئاماژەی بەوەشكرد : پێویستە هەمووان هۆشیاری و حیكمەت بەكاربهێنن بۆ پاراستنی سەقامگیری وڵاتەكەمان، ڕوونیشیكردەوە، ئەو كەسانەی دەنگۆ بڵاودەكەنەوە بە ئامانجی تێكدانی ئاسایش و سەقامگیری، بەپێی یاسا كارپێكراوەكان لێپرسینەوەی یاسایییان لەسەرە، لەوانە ئەوانەی پەیوەندییان بە خراپ بەكارهێنانی ئامرازەكانی پەیوەندیكردن و بڵاوكردنەوە هەیە، سزاكان ڕەنگە زیندانیكردن، غەرامەكردن، یان هەردووكیان لەخۆبگرێت، ئەمەش بەپێی سروشت و كاریگەری تاوانەكە.
عەجمی ئاماژەی بەوەدا : كە لایەنە پەیوەندیدارەكان چاودێری ئەم كەیسانە دەكەن و ڕێكاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیكاران دەگرنەبەر، ڕوونیشیكردەوە كە پۆلیسی كۆمەڵایەتی پشت بە چەندین ڕێگەی سەرەكی دەبەستێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەنگۆكان، دیارترینیان:
1-بەرزكردنەوەی هۆشیاری كۆمەڵگا لە ڕێگەی سیمینار و وۆرك شۆپ لە قوتابخانەكان و زانكۆكان و كۆمەڵگا بەگشتی.
2-چاودێریكردن و شیكردنەوەی ناوەڕۆكەكان كە لە سۆشیال میدیادا دەسوڕێنەوە.
3-هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەكان و میدیاكان بۆ بڵاوكردنەوەی زانیاری دروست بە خێرایی.
4-پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هاووڵاتیان بۆ دروستكردنی متمانە و ڕاستكردنەوەی زانیاری هەڵە.
5- دەستپێكردنی هەڵمەتی هۆشیاری ئۆنلاین بۆ سنوورداركردنی بڵاوبوونەوەی هەواڵی ساختە.



