بەغدا - INA

فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق ، ئەمڕۆ هەینی جەختی کردەوە لەسەر بەشداریکردنی لە دانیشتنی سبەی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار.

فراکسیۆنەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا، کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوە، ڕایگەیاند: سبەی بەشداری لە دانیشتنی پەرلەماندا دەکەین، بڕیاری گەلی کوردیش تەنها لای حزبێک نییە تاوەکو بەگوێرەی ئارەزووەکانی خۆی دەستی بەسەردا بگرێت هەربۆیە لە سۆنگەی بەرپرسیارێتی نیشتمانی و ئەخلاقی و پەرلەمانییەوە، لە دانیشتنەکەدا ئامادە دەبین."

ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە پەرلەمان ئەرکە دەستوورییەکانی خۆی لە کاتی دیاریکراودا ئەنجام بدات، و ڕێگە نەدات هیچ حزب یان لایەنێک بڕیار و کۆدەنگیی کورد بۆ خۆی قۆرخ بکات، لە کاتێکدا ئێستا هەندێک لایەن و لە نێویاندا پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایانگەیاندووە کە بەشداری لە دانیشتنی سبەی پەرلەماندا ناکەن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار.

ڕوونیشیکردەوە، بێگومان ئەم لایەنانە لە ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسی و کێبڕکێی دیموکراسی دەترسن، بۆیە هەمیشە پەنا بۆ پاساو دەبەن و لە پشت دروشمەکانی یەکڕیزی و تەبایی خۆیان حەشار دەدەن، لە کاتێکدا خۆیان لە ناوخۆی هەرێمدا بڕوایان بەم پرەنسیپانە نییە، بۆیە لەبری دووبارەکردنەوەی پاساو و دروشمەکان، پێویستە لە پرۆسەی سیاسی بکشێنەوە."

هەروەها وتیشی: ئەو پەرلەمانتارانەی واژۆیان لەسەر داوای بەستنی ئەم دانیشتنە کردووە، بەرپرسیارێتییەکی مێژووییان لەبەردەم گەلی کورد و دەستووردا لەسەر شانە، و پێمان وایە هەموویان لەم ڕۆژە گرنگەدا ئامادە دەبن.

ئاماژەی بەوەش کرد: ئێمە وەک فراکسیۆنی نەوەی نوێ جەخت لەسەر پێویستی بڵاوکردنەوەی ناوی هەموو ئەو کەسانە دەکەینەوە کە ئامادەی دانیشتنەکە نابن لەبەردەم هاووڵاتیانی خۆشەویستی کوردمان، تاوەکو بۆ ڕای گشتی ڕوون بێتەوە کام لایەن یان کەسایەتی هەوڵی پەکخستن دەدات، و کێ لە دژی چەسپاندنی دەستوور و دامەزراوە دەستوورییەکان دەوەستێتەوە