بەدواداچوون ـ INA
شێخ نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا، ئەمڕۆ هەینی جەختی لە گرنگیی یەکخستنی هەوڵەکان و تەواوکاریی نێوان دەوڵەت، سوپا، گەل و بەرگری کردەوە، هاوکات ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمە کۆڵەکەی سەرەکییە بۆ پاراستنی لوبنان و گێڕانەوەی سەروەرییەکەی و دەرکردنی داگیرکەر.
شێخ قاسم لە لێدوانێکدا کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) بەدواداچوونی بۆ کردووە، ڕایگەیاند: (ئیسرائیلی)دوژمن لە ڕووبەڕووبوونەوەی پاڵەوانانی بەرگریدا دەستەوەستان بوو و نەیتوانی هێرشی زەمینی ئەنجام بدات وەک چۆن چەندین جار ڕایگەیاندبوو، ئاماژەی بەوەش کرد کە دوژمن چەندین جار ئامانجەکانی گۆڕیوە؛ جارێک دەڵێت ڕووباری لیتانی و جارێکی تریش دەڵێت پێشڕەویی سنووردار.
وتیشی: دوژمن بە شێوازەکانی بەرگری و جوڵەی موجاهیدان و تواناکانی بەرگرییان تووشی سەرسوڕمان بوو، جەختیشی کردەوە کە قبوڵی ناکەین بگەڕێینەوە بۆ دۆخی پێشوو و داوا لە بەرپرسان دەکەین کۆتایی بە سازشکردنی بێبەرامبەر بهێنن.
ئاماژەی بەوەش کرد کە دوژمن پەنای بۆ تاوانی خوێناوی برد لە بەیروت، زاحیە، باشوور، بیقاع و جەبەل لوبنان و لە هەموو شوێنێک بە ئامانجگرتنی مەدەنییەکان، باسی لەوەش کرد کە داگیرکەر لە هەموو دەستدرێژییەکانیدا بۆ ماوەی زیاتر لە ٤٠ ڕۆژ، نەیتوانیوە ڕێگری لە مووشەک و گوللە و درۆنەکان بکات کە دەگەنە نیشتەجێبووە نزیک و دوورەکانی.
ڕوونیشیکردەوە کە کۆکردنەوەی سەد هەزار سەرباز یارمەتی (ئیسرائیلی)دوژمن نادات بۆ داگیرکاری، بەڵکو دەبنە تەرم و پارچەپارچە دەبن، و ئەوانەشی لە مەیدانەکەدا ماونەتەوە لە ناو ترسدا دەژین, ئاماژەی بەوەش کرد کە ٤٠ ڕۆژە دوژمن شکستەکانی کەڵەکە دەکات و نیشتەجێبووەکانی لە ترسدا دەژین، پلانەکانی شڵەژاون و بەرپرسەکانی ڕۆژانە بە تۆنێکی بەرز و بێکاریگەر هەڕەشە دەکەن.
باسی لەوە کرد کە گەلی لوبنان زۆر لەوە سەختترن کە دوژمن بیری لێدەکاتەوە، ئاوارەکان نموونەیەکی شانازییان پێشکەش کرد و ئەوانەشی پەنایان دان نیشتمانپەروەری و مرۆڤایەتییان نیشاندا، ئاماژەی بەوەش کرد کە موجاهیدان لە بەرەکاندا بەربەستێکی پتەون کە خەون و ئاواتەکانی زایۆنیستەکانیان تێکشکاند.
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: بەرگری بەردەوام دەبێت تا کۆتا هەناسە، و کێبڕکێی گەنجان بۆ گەیشتن بە مەیدانی جەنگ تروسکەی ئومێد و شکۆیە، و قوربانیدانیش وامان لێدەکات زیاتر سوور بین لەسەر ڕزگارکردنی نیشتمان و کەرامەتمان.
لە کۆتاییدا وتی: ئێمە پێکەوە وەک دەوڵەت، سوپا، گەل و بەرگری وڵاتەکەمان دەپارێزین و سەروەرییەکەی دەگێڕینەوە و داگیرکەر دەردەکەین. هەڕەشەکانیان و چەکەکانیان نامانترسێنێت، چونکە ئێمە خاوەنی خاکەکەین و خاوەن باوەڕ، ئیرادە و تواناین بۆ ئەوەی ڕێگرییان لێ بکەین لە بەدیهێنانی ئامانجەکانیان