بەغدا - INA

سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری،دادوەر فایەق زێدان، ئەمڕۆ هەینی جەختی کردەوە کە عێراق دوای ساڵی ٢٠٠٣ قۆناغێکی ئاڵۆزی تێپەڕاند کە بووە هۆی بونیاتنانی سیستمێکی سیاسی نوێ لەسەر بنەمای فرەیی.

زێدان لە وتارێکدا کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) بەدواداچوونی بۆ کردووە ڕایگەیاند: کێشەی جێبەجێ نەکردنی دەقە دەستوورییەکان بە یەکێک لە دیارترین ئەو ئاڵنگارییانە دادەنرێت کە ڕووبەڕووی سیستمە سیاسییەکان دەبێتەوە، بەتایبەت لەو وڵاتانەی لە قۆناغی گواستنەوەدان یان دەناڵێنن بەدەست لاوازیی دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە، ڕوونیشیکردەوە کە ئەم کێشەیە تەنها پەیوەندی بە هەبوونی دەستوورێکی نووسراوەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە ئاستی ڕێزگرتن و چالاککردنییەتی لەسەر زەمینی واقیع.

وتیشی: کێشەی جێبەجێ نەکردنی دەقە دەستوورییەکان وەک یەکێک لە دیارترین ئەو پرسانە پۆلێن دەکرێت کە ڕووبەڕووی بونیاتنانی دەوڵەتی نوێ دەبێتەوە لە عێراقدا، چونکە کێشەکە لە نەبوونی دەستووردا نییە، بەڵکو لە لاوازیی پابەندبوونە بە جێبەجێکردنییەوە، ئاماژەی بەوەش کرد کە دەستووری کۆماری عێراق بۆ ساڵی ٢٠٠٥ هات بۆ ئەوەی بناغەکانی سیستمێکی دیموکراسی دابڕێژێت کە لەسەر بنەمای سەروەریی یاسا و دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکان بێت، بەڵام واقیعی کردەیی فەزایەکی ڕوونی لە نێوان دەقە دەستوورییەکان و جێبەجێکردنی ڕاستەقینەدا ئاشکرا کرد".

ئاماژەی بەوەش کرد کە عێراق دوای جەنگی ساڵی ٢٠٠٣ بە قۆناغێکی سیاسی ئاڵۆزدا تێپەڕی، ئەوەش بووە هۆی بونیاتنانی سیستمێکی سیاسی نوێ کە پشتی بە فرەیی بەستبوو، بەڵام لە هەمان کاتدا لەژێر کاریگەریی چەندین هۆکاردا بوو، کە دیارترینیان پشکپشکێنەی سیاسی و بەریەککەوتنی بەرژەوەندییەکانی نێوان هێزە جیاوازەکان بوو".

ئەوەشی خستەڕوو کە ئەمە ڕاستەوخۆ ڕەنگی دایەوە لە پەکخستنی هەندێک ماددەی دەستووری، کە گرنگترینیان دواکەوتنی جێبەجێکردنی ئەو دەقانە بوو کە دەستوور وادەی زەمەنی ڕوونی بۆ دیاریکردبوون، جەختیشی کردەوە کە بەردەوامبوونی ئەم کێشەیە ئاسەواری مەترسیداری لێ دەکەوێتەوە، لەوانە پاشەکشەی شکۆی دەوڵەت، و دووبارەبوونەوەی قەیرانە سیاسییەکان، وێڕای ئاستەنگکردنی کاروانی گەشەپێدان و سەقامگیری.

ڕوونیشیکردەوە کە دادوەر بە حوکمی وەزیفەکەی، پابەندە بە جێبەجێکردنی یاسا، و دەستووریش لە لوتکەی هەرەمی یاساییدایە، بەڵام کاتێک دەسەڵاتی یاسادانان سەرپێچیی ئەحکامەکانی دەستوور دەکات، و دەقێکی ڕوون نییە کە میکانیزمی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم سەرپێچییە یان سزای جێبەجێ نەکردن دیاری بکات، دادوەر خۆی لە بەردەم تەنگژەیەکی ڕاستەقینەدا دەبینێتەوە، چونکە لە لایەکەوە ناتوانێت چاوپۆشی لە سەرپێچییەکە بکات، و لە لایەکی تریشەوە بەڵگەی دەستووریی نییە کە بتوانێت جێبەجێکردنی بەسەردا بسەپێنێت یان ئاسەواری یاسایی ڕوونی بۆ دابڕێژێت.

وتیشی: ئەم بۆشاییە یاساییە جۆرێک لە شڵەژانی یاسایی دروست دەکات، و دەبێتە هۆی لاوازکردنی پرەنسیپی سەروەریی یاسا، چونکە لەم حاڵەتەدا دەستوور لە ئامرازێکی پابەندکەرەوە دەگۆڕێت بۆ تەنها بەڵگەنامەیەکی تیۆری.

ئاماژەی بەوە کرد کە چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە پێویستی بە دەستێوەردانێکی دەستووری یان یاسایی ڕوون هەیە، لە ڕێگەی دانانی دەقێک بۆ میکانیزمە پابەندکەرەکان بە مەبەستی جێبەجێکردنی ئەحکامەکانی دەستوور، و دیاریکردنی بەرپرسیارێتی و سزاکان لە کاتی پێشێلکردنیاندا.

دوپاتی کردەوە کە نەبوونی توانای دادوەر بۆ چاکسازی لە غیابی دەقدا بە کەموکوڕی لە ڕۆڵەکەیدا دانانرێت، بەڵکو ئەنجامێکی سروشتیی پابەندبوونییەتی بە پرەنسیپی شەرعییەت و ڕێزگرتنی بۆ پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، ئاماژەی بەوەش کرد کە نەبوونی توانای دادوەر بەهۆی غیابی دەقی دەستووری بۆ چارەسەرکردنی جێبەجێ نەکردنی دەستوور، بە کەمکوڕییەکی قووڵ لە پێکهاتەی سیستمی یاسایی دادەنرێت.

جەختی کردەوە کە ڕێزگرتن لە دەستوور تەنها بە نووسینەکەی بەدی نایات، بەڵکو بە دەستەبەرکردنی جێبەجێکردنی کردەیی دەبێت، ئەوەش پێویستی بە سیستەمێکی یاسایی یەکگرتوو هەیە کە ئەم بۆشاییە پڕ بکاتەوە و شکۆ و پێگە بۆ دەستوور بگێڕێتەوە، جەختیشی کردەوە کە دەستووری عێراق چوارچێوەیەکی یاسایی پێشکەوتووە بۆ بونیاتنانی دەوڵەتێکی دادپەروەر، بەڵام سەرکەوتنی بەندە بە ئیرادەی سیاسی ڕاستگۆیانە لە جێبەجێکردنیدا، و بە هۆشیاریی کۆمەڵگە بە گرنگییەکەی، چونکە دەستوور تەنها دەقگەلێکی نووسراو نییە، بەڵکو گرێبەستێکی کۆمەڵایەتییە کە دەبێت ڕێزی لێ بگیرێت و کارا بکرێت.