بەغدا – INA– هندرێن مەککی
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتووچۆ، ئەمڕۆ هەینی جەختی کردەوە کە پشکنینی ساڵانەی ئۆتۆمبێلەکان ئیجباری دەبێت و تێچووەکەی تەنها ٢٥ هەزار دینار تێپەڕ ناکات.
عەقید حەیدەر شاکر محەمەد، بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتییەکە، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ڕایگەیاند: بەیانی ژمارە (٨)ی ساڵی ٢٠٢٦ی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتووچۆ کە تایبەتە بە پابەندکردنی خاوەن ئۆتۆمبێلەکان بە ئەنجامدانی پشکنینی خولی و ساڵانە، ئامانج لێی بەهێزکردنی سەلامەتیی هاتووچۆ و کەمکردنەوەی ڕووداوەکانە، ئاماژەی بەوەش کرد کە تێچووی پشکنینەکە ساڵانە تەنها (٢٥) هەزار دینارە.
وتیشی: بڕیارەکە جەخت لە پابەندکردنی هەموو خاوەن ئۆتۆمبێلەکان دەکاتەوە بە ئەنجامدانی پشکنینی مەرجەکانی توندوتۆڵی و سەلامەتی لەو سەنتەرانەی پشکنین کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆن، ڕوونیشیکردەوە کە ئەم ڕێکارە هەموو جۆرە ئۆتۆمبێلێک بەبێ جیاوازی دەگرێتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو کە ڕەسمی دیاریکراو بۆ پشکنینەکە تەنها بیست و پێنج هەزار دینارە، نەک وەک ئەوەی لە هەندێک تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە کە گوایە ١٠٠ هەزار دینارە؛ ئەم بڕە پارەیەش بۆ خەزێنەی دەوڵەت وەردەگیرێت.
ڕوونیکردەوە کە "پشکنینی خولی پێشتریش کاری پێ دەکرا، بەڵام ئێستا بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ڕێگەی ئەم بەیانەوە بە فەرمی ڕێکیخستووەتەوە، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە هەرێمی کوردستانیش تۆمارکراون ئەم بڕیارە دەیانگرێتەوە کاتێک لە بەغدا و پارێزگاکانی تری عێراق دەڕۆن.
باسی لەوەش کرد کە مەبەستی سەرەکی لە پشکنینەکە سنووردارکردنی ڕووداوەکانی هاتووچۆیە کە بەهۆی کەمتەرخەمی لە چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلەکان ڕوودەدەن، چونکە بەڕێوەبەرایەتییەکە بەرزبوونەوەی ژمارەی ڕووداوەکانی تۆمارکردووە کە بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە بوون، بەتایبەت لە ئۆتۆمبێلە گەورەکان و لەسەر ڕێگا خێراکان.
ئاماژەی بەوەش کرد کە پابەندبوون بە پشکنینەکە پێگەیەکی یاسایی باشتر دەداتە شۆفێر لە کاتی ڕوودانی هەر ڕووداوێک بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە، چونکە دەیسەلمێنێت کە شۆفێرەکە پابەندی مەرجەکانی سەلامەتی بووە، جەختیشی کردەوە کە ئەم ڕێکارانە لە بەرژەوەندی هاووڵاتی و سەلامەتی بەکارهێنەرانی ڕێگادایە.
لە کۆتاییدا وتی: سەردانکردنی سەنتەرەکانی پشکنین پێویستی بە حیجزکردنی ئەلیکترۆنی نییە و دەکرێت ڕاستەوخۆ لە کاتی دەوامی فەرمیدا لە کاتژمێر حەوتی بەیانی تاوەکو چواری ئێوارە ئەنجام بدرێت, داواشی لە هەموو شۆفێران کرد پابەندی ڕێنمایی و یاساکانی هاتووچۆ بن بۆ پاراستنی سەلامەتی خۆیان و ئەوانی تر



