بەدواداچوون – INA
مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، ئەمڕۆ پێنجشەممە جەختی کردەوە کە بڕیاری ئاگربەست بە تەبایی هەموو پایەکانی ڕژێم و پشتگیریی ڕێبەری باڵا، سەید موجتەبا خامنەیی دراوە.
پزیشکیان لە پەیامێکدا کە ئاراستەی گەلی ئێرانی کرد بەبۆنەی چلەی شەهیدبوونی ڕێبەری شۆڕش و کۆمار، سەید عەلی خامنەیی، ڕایگەیاند: بڕیاری ئاگربەست بە تەبایی هەموو پایەکانی ڕژێم و پشتگیریی ڕێبەری باڵا دراوە، هاوکات ئاماژەی بەوە کرد کە بڕیارەکە دوای ئەوە هات کە ئەمریکا ئەو چوارچێوەیەی قبوڵ کرد کە ئێمە بۆ ئاگربەست و دانوستان پێشنیارمان کردبوو.
پزیشکیان وتیشی: گەلی ئێران لە ٤٠ ڕۆژی ڕابردوودا هاوکێشەی هێزی گۆڕی، جەختیشی کردەوە کە سەقامگیریی ئەمڕۆ بەرهەمی یەکگرتوویی گەل و حکومەت و هێزە چەکدارەکانە.
ئاماژەی بەوەش کرد کە ئاگربەست ئەنجامی سەپاندنی ئیرادەی گەلی ئێران بوو بەسەر دوژمندا، ئێمە لەگەڵ هیچ نەتەوەیەکدا لە جەنگدا نین و وەڵامدانەوەمان بۆ دەستدرێژییەکان تەنها بەرگری بوو.
پزیشکیان ڕایگەیاند: ئێران گۆڕەپانێک نییە بۆ وەدیهێنانی خەونە وێرانکەرەکانی ناحەزان، هەروەها گەلەکەی سەلماندی کە سەرمایەی سەرەکیی ئاسایش و باڵادەستیی نیشتمانییە، وتیشی: لە مەیدانەوە تا دیپلۆماسی، ئێران بە تەبایی نیشتمانی لە قەیرانەکان تێدەپەڕێت

