بەغدا - INA
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە ٢٣یەمین ساڵیادی ڕووخانی ڕژێمی دیکتاتۆریدا جەختی کردەوە کە سەردەمی تاکڕەوی و کوشتن بۆ هەمیشە کۆتایی هاتووە.
سەرۆک وەزیران لە پۆستێکدا لە سەر بلاتفۆڕمی (X) کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) بەدواداچوونی بۆ کردووە ڕایگەیاند: ئەمڕۆ ٢٣یەمین ساڵیادی ڕووخانی ڕژێمی دیکتاتۆریی تاوانبارە، لە ڕۆژانێکی وەک ئەمڕۆدا لە ساڵی ٢٠٠٣، سەردەمی تاکڕەوی، کوشتن، زەوتکردنی ئازادییەکان و پێشێلکردنی پیرۆزییەکان بۆ هەمیشە کۆتایی هات، تاوەکو عێراقییەکان بە هەموو پێکهاتە و نەتەوە و ئایینزاکانیانەوە ئازادیی خۆیان و وڵاتەکەیان بەدەست بهێننەوە، کە تاقمێک دەستیان بەسەردا گرتبوو و ونیان کردبوو و پەلکێشی ناو زنجیرەیەک لە سەرکێشیی بێمانا و جەنگی تاڵیان کردبوو.
وتیشی: ئێمە لەگەڵ یادکردنەوەی ئەم ڕووداوە وەرچەرخانەی مێژووی هاوچەرخی عێراق، بە شکۆ و ڕێزەوە لەبەردەم ئەو قوربانییە گەورانەدا دەوەستین کە عێراقییەکان لە هەموو ڕەوت و حزبە جیاوازەکان پێشکەشیان کردووە، کە لە پێش هەموویانەوە شەهیدبوونی ئایەتوڵڵا عوزما سەید محەمەد باقر سەدر و خوشکە پاکەکەی عەلەوییە ئامینە سەدر ( خودا لێیان ڕازی بێت)، کە خوا وای کرد ساڵیادی شەهیدبوونیان هاوکات بێت لەگەڵ ساڵیادی ڕووخانی ڕژێمی لەناوبراو.
ئاماژەی بەوەش کرد کە یەکێک لە بەرهەمەکانی ئەم ڕووداوە مێژووییە گۆڕینی عێراق بوو لە وڵاتێکی گۆشەگیر کە لەلایەن بیرۆکەی تاکڕەوییەوە بەڕێوەدەبرا، بۆ دەوڵەتێک کە هەموو ڕۆڵەکانی بەشدارن لە بەڕێوەبردن و بڕیاردان لەسەر چارەنووسی، لە سایەی سیستمێکی دیموکراسی و دەستوورێکی هەمیشەیی کە ئازادییەکان دەستەبەر دەکات و پێگەی نێودەوڵەتی عێراق بەهێز دەکات.
هەروەها وتیشی: لێرەدا جەخت لەسەر سووربوونمان دەکەین بۆ پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی کە عێراقییەکان بەهۆی خوێنە پاکەکانیانەوە بەدەستیان هێناوە، و بەردەوامین لە کارکردن لەسەر ڕێبازی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان و بونیاتنان و دوورخستنەوەی هەموو مەترسییەکان لە وڵاتەکەمان، بەتایبەت لەگەڵ ئەو ڕووداوە مەترسیدار و جەنگە بەردەوامەی کە ناوچەکەمان لە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە بەخۆیەوەی دەبینێت، ئەمەش بەرپرسیارێتییەکە کە پەیمانمان داوە لە ئاست ئاڵنگارییەکانیدا بین بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ژیانی هەموو ڕۆڵەکانی گەلی ئازیزمان.
لە کۆتاییدا وتی: ڕەحمەت و ڕەزامەندی و شکۆ و نەمری بۆ هەموو شەهیدانی عێراق، و سەرشۆڕی و شەرمەزاری بۆ دیکتاتۆرییەت و تاوانباران
