بەغداد – INA – وسام مەلا

دانەر عەبدولغەفار، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە جەختی کردەوە کە تا ئێستا لە نێوان هەردوو پارتە کوردییەکەدا ڕێککەوتن لەسەر کاندیدی سەرۆک کۆمار نییە، هاوکات داوای ڕێککەوتنی سیاسی کرد لەسەر پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار و سەرۆکایەتی وەزیران بە مەبەستی پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی هەبێت.

عەبدولغەفار بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک لە نێوان هەردوو پارتە کوردییەکەدا لەسەر کاندیدی سەرۆک کۆمار نییە و دانوستانەکان بەهۆی جەنگەوە وەستاون، ئاماژەی بەوەش کرد کە کۆتاییهاتنی جەنگ دەرفەتێک دەڕەخسێنێت بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستان و ڕێککەوتن لەسەر کاندیدی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران.

وتیشی: نەبوونی ڕێککەوتن تەنها لەسەر سەرۆک کۆمار نییە، بەڵکو لەسەر سەرۆک وەزیرانیش ڕێککەوتن نییە، داواشی لە هەموو فراکسیۆنە سیاسییەکان کرد ڕێککەوتن لەسەر پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار و سەرۆکایەتی وەزیران بکەن لە پێناو پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز کە توانای بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەکانی هەبێت

ئەوەشی خستەڕوو: ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەرەتاوە ڕوونین و داوا لە لایەنە کوردستانییەکان دەکەین ڕێککەوتن لەسەر یەک کاندید بکەن تاوەکو کۆدەنگی کوردی لەسەر بێت، چونکە ئەو نوێنەرایەتی کورد دەکات نەک تەنها نوێنەرایەتی یەک پارت دەکات