بەغدا - INA
سەرۆکایەتی کۆمار، ئەمڕۆ پێنجشەممە، یادی شەهیدبوونی سەید محەمەد باقر سەدر و خوشکەکەی بنت ئەلهودای بەرز ڕاگرت، و جەختی کردەوە کە وەفاداری بۆ خوێنی شەهیدان وا دەخوازێت ڕێگە نەدرێت بۆ تاکڕەوی لە دەسەڵات و گەڕانەوەی دیکتاتۆرییەت.
لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمانگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماردا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوە، هاتووە: لە نۆی نیساندا، وێستگەیەکی یەکلاکەرەوە لە مێژووی هاوچەرخی عێراقدا یاد دەکەینەوە؛ ئەو ڕۆژەی لاپەڕەی دیکتاتۆرییەت هەڵدرایەوە کە ساڵانێکی درێژ لە سەرکوتکردن و مەینەتی و جەنگی بێهودە باری سەرشانی گەلەکەمانی قورس کردبوو، و قۆناغێکی نوێ دەستی پێکرد کە بنەماکەی دیموکراسی و بونیاتنانی دەوڵەتی دامەزراوەییە.
ئاماژەی بەوەش کردووە: ئەم ڕۆژە لە ناخیدا وانەی قووڵ هەڵدەگرێت، کە بانگهێشتمان دەکات بۆ چەسپاندنی ئەزموونی دیموکراسی و بەهێزکردنی ڕێڕەوەکانی و تێپەڕاندنی ئەو ئاڵنگارییانەی دێنە بەردەمی، هەروەها کارکردن بە گیانێکی نیشتمانیی بەرپرسانە کە ڕێگری بکات لە دووبارەبوونەوەی کارەساتەکانی ڕابردوو، و بناغەیەک بۆ داهاتوویەکی ئارام و سەقامگیر دابڕێژێت کە شایستەی هەموو عێراقییەکان بێت.
هەروەها وتیشی: لەو بۆنەیەدا، بەوپەڕی شکۆوە یادی قوربانیدانی ئەو شەهیدانە دەکەینەوە کە ڕووبەڕووی زوڵم و زۆری ڕژێمی ستەمکار بوونەوە، لە پێش هەموویانەوە جەنابی سەید محەمەد باقر سەدر و خوشکەکەی عەلەوییە بنت ئەلهودا، هەروەها شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجە، شاڵاوەکانی ئەنفال، گۆڕە بەکۆمەڵەکان، ڕاپەڕینی شەعبانییە، شەهیدانی بارزانییەکان و هەموو شەهیدانی عێراق کە بوونە قوربانی سیاسەتەکانی سەرکوتکردن و ستەمکاریی ڕژێمی بەعس، کە وڵاتی پەلکێشی ناو جەنگگەلێک کرد مەینەتی و نەهامەتی و وێرانکاری و کاولکارییان بۆ وڵات هێنا.
جەختیشی کردەوە کە وەفاداری بۆ خوێنی شەهیدان وا دەخوازێت ڕێگە نەدرێت بە تاکڕەوی لە دەسەڵات (قۆرخکردنی دەسەڵات) و گەڕانەوەی دیکتاتۆرییەت، هەروەها پێویستە پابەند بین بە یەکڕیزی و بەهێزکردنی بەهاکانی دادپەروەری و ئازادی و دیموکراسی، و هەنگاو بنێین بەرەو بونیاتنانی عێراقێک کە ئاشتی و خۆشگوزەرانی تێدا باڵادەست بێت و باوەش بۆ هەموو ڕۆڵەکانی بکاتەوە

