بەغداد – INA

وتەبێژی حکومەتی عێراق باسم عەوادی، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند: حکومەت لە ساتەکانی سەرەتاوە بە بایەخێکی زۆرەوە بەدواداچوونی بۆ دۆسیەی ڕفاندنی هاووڵاتی بیانی "شیلی کیتلسۆن" کردووە و بەرامبەر هیچ تاوانێکی هاوشێوە کەمتەرخەم نابین، ئاماژەی بەوەشکرد: ئازادکردنی لە چوارچێوەی سەروەریی یاسادا بەدی هاتووە.

عەوادی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی، ڕاگەیاند: "حکومەتی عێراق هەر لە ساتەکانی سەرەتاوە و بە بایەخێکی زۆر و بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆ، بەدواداچوونی بۆ دۆسیەی ڕفاندنی هاووڵاتی بیانی (شیلی کیتلسۆن) کردووە، کە تێیدا دەزگا ئەمنییە تایبەتمەندەکان بە لێهاتوویی و پیشەییبوونێکی بەرزەوە ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ کرد، تا ئەو کاتەی هەوڵەکان بە ئازادکردنی کۆتایی هات".

زیاتر گوتی: "حکومەت جەخت دەکاتەوە کە ئەوەی بەدی هاتووە لە چوارچێوەی سەروەریی یاسادا بووە، و ئەم ڕووداوە تاوانێکی ڕەتکراوەیە و ناتوانرێت چاوپۆشی لێ بکرێت، هەروەها ناتوانرێت بەرامبەر هیچ کارێکی هاوشێوەی دیکە لەژێر هەر بارودۆخێکدا بێت کەمتەرخەمی بکرێت، چونکە ئەم کارانە دەبنە هۆی ناوزڕاندنی ناوبانگی عێراق و پێگەی نێودەوڵەتی وڵات".

عەوادی پابەندبوونی تەواوی حکومەتی دووپاتکردەوە بۆ پاراستنی سەرجەم نیشتەجێبووان و نێردە دیپلۆماسییەکان لەسەر خاکیی عێراق، بە شێوەیەک کە ڕەنگدانەوەی پەرۆشی عێراق بێت بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و پابەندبوونە یاساییەکانی.