بەدواداچوون – INA

سەرۆک وەزیرانی پاکستان، شەهباز شەریف، ئەمڕۆ جەختیکردەوە: وەفدی ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێران ڕۆژی هەینی دەگەنە ئیسلام ئاباد، هاوکات پێزانینی زۆری خۆی دەربڕی بۆ ئەو ڕۆڵەی وڵاتانی عەرەبی و ناوچەیی گێڕاویانە لە ئاسانکاری بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ڕاگرتنی تەقەکردن.

شەریف لە لێدوانێکدا کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی، بەدواداچوونی بۆ کردووە، ڕایگەیاند: "ئێمە بەرەو پێشەوە دەچین لە گفتوگۆکانی ئیسلام ئاباد، سوپاس و پێزانینی قووڵی خۆم ئاراستەی وڵاتە خوشکەکان دەکەم، لە سەروو هەموویانەوە شانشینی عەرەبستانی سعوودی، کۆماری میسری عەرەبی، دەوڵەتی قەتەر، کۆماری تورکیا و کۆماری میللی چین، بۆ پشتگیری تەواو و بەنرخیان لە ئاسانکاری بۆ ڕاگرتنی تەقەکردن".

شەریف دەڵێت: "ئەو هەوڵە دیپلۆماسییە ئاشتییانەی لەلایەن ئەم وڵاتانەوە دراون، ئامانجیان بەهێزکردنی هەلی گەیشتنە بە چارەسەرێکی گشتگیر و کۆتایی بۆ ململانێکان"، هاوکات ستایشی "پشتگیری بەردەوامی وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو و پابەندبوونی نەگۆڕیان بە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەیی" کرد، کە بە وتەی ئەو "کۆڵەکەیەکی سەرەکییە بۆ هەوڵەکانمان".

سەرۆک وەزیرانی پاکستان ئاماژەی بەوەشکرد: "سەرکردایەتیی وڵاتە خوشکەکان و ویلایەتە یەکگرتووەکان دانایی، ئارامی و دیدگایەکی ستراتیژی ناوازەیان نیشاندا، کە یارمەتیدەر بوو لە ڕەخساندنی کەشێکی لەبار بۆ ئاشتی"، تیشکیشی خستە سەر "گرنگیی ناساندنی هەوڵە دڵسۆزانەکانی پاکستان لەلایەن هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانەوە بۆ بەهێزکردنی ئاشتیی جیهانی".

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، شەریف داوای "تەبایی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان و کارکردنی پێکەوەیی بۆ هێنانەدی ئاشتییەکی بەردەوام و گشتگیر لە ناوچەکە و دەرەوەی" کرد، و جەختی کردەوە کە هاوکاری نێوان هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان تەنها ڕێگەیە بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانەکان و بەدیهێنانی خواستی گەلان بۆ ئاسایش و خۆشگوزەرانی.

جێی باسە لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە ڕێڕەوی ئەو جەنگەدا ڕوویدا کە لە ٢٨ی شوباتی ڕابردووەوە هەڵگیرساوە؛ دوای ٣٩ ڕۆژ لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی ڕاستەوخۆ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕاگرتنی شەڕی بۆ ماوەی دوو هەفتە ڕاگەیاند، ئەمەش وەک هەنگاوی "پاشەکشەی خولەکی کۆتایی" لە هەڵکشانی هێرشەکان وەسف کرا کە بڕیار بوو ژێرخانی گرنگی ئێران بکاتە ئامانج.

ڕاگرتنی شەڕەكە لە ئەنجامی نێوەندگیرییەکی چڕ بوو کە لەلایەن شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان و عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای ئەو وڵاتەوە سەرپەرشتی دەکرا. نێوەندگیرییەکە گواستنەوەی "پێشنیازێکی ١٠ خاڵی" لە تارانەوە بۆ واشنتن لەخۆگرتبوو، کە بڕگەکانی پەیوەست بوون بە هەڵگرتنی سزاکان و گەرەنتی ئاسایش، لە بەرامبەر کردنەوەی دەستبەجێی گەرووی هورمز.