دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی خۆی لە تروث ڕایگەیاند "هەر وڵاتێک چەکی سەربازی بۆ ئێران دابین بکات، ڕووبەڕووی باجێکی گومڕکی گەورە دەبێتەوە و 50% گومڕگ دەخرێتە سەر هەموو هەناردەکردنەکانی بۆ ئەمەریکا."

سەرۆک ترامپ نووسیوێتی بڕیارەکە دەستبەجێ و بەبێ هیچ جیاوازییەک و دەستبەرداربوونێک جێبەجێ دەکرێت."

سەرۆک ترامپ هەروەها پێش ئەم پۆستەی لە پۆستێکی دیکەدا لە تروث کەمێک پێش ئێستا رایگەیاند "ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامی گەیشتوونەتە ڕێککەوتن لەسەر ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم و چاودێریکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان و پێشخستنی دانوستانەکان سەبارەت بە گومرگی و کەمکردنەوەی سزاکان."

سەرۆک ترامپ دەڵیت "ئێران چیتر خەریکی پیتاندنی یۆرانیۆم نابێت و ئەمەریکا بە هاوکاری لەگەڵ ئێران، هەموو ئەو 'خۆڵەمێش' ئەتۆمیانەی کە لە قووڵایی زەویدان(لە هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی بی-2) دەردەهێنێت و لەناویان دەبات."

سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکرد ئێستا دامەزراوەکان لەژێر چاودێری وردی مانگی دەستکرددان و لەدوای هێرشەکانەوە "دەستکاری هیچ شتێک نەکراوە".

سەرۆک ترامپ هەروەها ڕایگەیاند دانوستانەکانی نێوان هەردوولا سەبارەت بە گومرگ و کەمکردنەوەی سزاکان بەردەوامە و زۆرێک لەو 15 خاڵە کە باسیان لێوە کراوە، پێشتر ڕێککەوتنیان لەسەر کراوە.

سەرۆکی ئەمەریکا جەختی کردووە ئەم هاوکارییە دەتوانێ ئەنجامی ئەرێنی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتدا بەدی بهێنێ و پرۆسەی ئێستای بە پێشکەوتنێکی گرنگ لە ڕێبازی نێوان واشنتن و تاران ناودێر کرد.