بەغداد – INA
دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، ئەمڕۆ چوارشەممە، دەستبەسەرداگرتنی باڵۆنێکی ڕاگەیاند کە ٥٥ هەزار حەبی هۆشبەری تێدابووە لە بیابانی نەجەفی ئەشرەف، کە لە یەکێک لە وڵاتانی دراوسێوە هاتبووە ناو خاکی عێراق.
لە بەیاننامەیەکی بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی دەزگاکەدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "مەفرەزەکانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لە نەجەفی ئەشرەف، توانییان دەستبەسەر باڵۆنێکی بارکراو بە ماددەی هۆشبەردا بگرن لە بیابانی نەجەف، بەتایبەتی لە ناوچەکانی شەبكە، دەرکەوتووە کە لە یەکێک لە وڵاتانی دراوسێوە هاتۆتە ناو خاکی عێراق، ئەمەش پشتبەست بە زانیاریی هەواڵگری ورد".
ئاماژەی بەوەشکرد: "تیمێکی کاری پسپۆڕ پێکهێنرا و بەرەو شوێنی دیاریکراو جووڵان، لەوێ باڵۆنەکە دۆزرایەوە و دەستی بەسەردا گیرا، دەرکەوت کە ٥٥ هەزار حەبی هۆشبەری جۆری (کەپتاگۆن)ی تێدایە، کە بەسەر ٥٥ کیسەدا دابەشکرابوون و هەر کیسەیەک هەزار حەبی تێدابوو".
هەروەها وتیشی: "دەستبەسەر ئامێرێکی دیاریکردنی شوێن (GPS)دا گیرا لە ناو باڵۆنەکەدا، کە بۆ ئاراستەکردن و شوێنکەوتنی ڕێڕەوەکەی بەکارهێنراوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بەکارهێنانی ئامرازی نوێ لە پرۆسەکانی قاچاخچێتیدا".