بەغدا – INA

وەزارەتی دەرەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرکۆنە و ئیدانەی توندی خۆی دەربڕی بۆ ئەو دەستدرێژییەی کە کرایە سەر کونسوڵخانەی گشتیی دەوڵەتی کوێت لە پارێزگای بەسرە.

وەزارەتی دەرەوە لە راگه‌یندراوێكدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA ) نێردراوه‌ تێیدا، ڕایگەیاند: "سەرکۆنە و ئیدانەی توندی ئەو دەستدرێژییە دەکەین کە کرایە سەر کونسوڵخانەی گشتیی دەوڵەتی کوێتی برا لە پارێزگای بەسرە،" هاوکات جەختی کردەوە لەسەر "ڕەتکردنەوەی بڕیاردەرانەی حکومەتی عێراق بۆ هەر جۆرە بەزاندن یان دەستدرێژییەک بۆ سەر نێردە دیپلۆماسی و کونسوڵییەکان."

ئاماژەی بەوەش کرد کە "حکومەتی عێراق، لە ڕێگەی وەزارەتی ناوخۆوە، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی تایبەتمەندی پێکهێناوە بۆ گەیشتن بە وردەکارییەکانی ڕووداوەکە و لێکۆڵینەوە لەو پێشهاتانەی هاوکاتی دەستدرێژییەکە بوون، هەروەها گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی پێویست بەرامبەر تێوەگلاوان، بە جۆرێک کە گەرەنتی دووبارەنەبوونەوەی ئەم جۆرە کارانە لە داهاتوودا بکات."

هەروەها وەزارەتی دەرەوە سەرکۆنەی توندی ئەو هێرشە مووشەکییەشی کرد کە ناوچەکانی پارێزگای بەسرە – قەزای زوبێری کردە ئامانج، کە بووە هۆی شەهیدبوونی ژمارەیەک هاوڵاتی مەدەنی بێتاوان، جەختیشی کردەوە کە "ئەم دەستدرێژییەی لە خاکی یەکێک لە وڵاتانی دراوسێوە ئەنجامدراوە، پێشهاتێکی مەترسیدار و ڕەتکراوەیە، و پێویستە ڕێز لە سەروەریی عێراق و سەلامەتی خاکەکەی بگیرێت، و نابێت خاکی وڵاتان بکرێتە سەکۆیەک بۆ هەڕەشەکردن لە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق."

وەزارەتەکە جەختی لەسەر پێویستی ڕێزگرتن لە پرەنسیپەکانی هاوسێیەتی باش و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیی کردەوە، لەگەڵ ڕاگرتنی هەر کارێک کە ببێتە هۆی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.