سیناتۆری کۆماری لینزی گراهام سەبارەت بە ڕووداوەکانی ڕۆژئاوا و حکومەتی سوریا لە زەنجیرەیەک نووسیندا لە تۆڕی ئیکس ڕایدەگەیەنێت "ناتوانن بە بەکارهێنانی هێزی سەربازی، وەک ئەوەی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی حکومەتی سوریا هەوڵی بۆ دەدات، سوریا یەکبخەن ."

گراهام دەشڵێت "ئەم هەنگاوەی هێزەکانی حکومەتی سوریا لەدژی ئەندامانی هێزەکانی سوریای دیموکرات پڕە لە مەترسی و چاوەڕێ دەکەم کۆنگرێس بە زووترین کات دانیشتن و کۆبوونەوەی سەبارەت بەم بابەتە هەبێت. من پێم وایە ئەمە گونجاو دەبێت."

گراهام دەڵێت ئێمە قەرزاری هێزەکانی سوریای دیموکراتین، چوون ئەوان هێزی زەمینی سەرەکی بوون لە لەناوبردنی داعش لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتی ترەمپدا.

لینزی گراهام هەروەها لە پۆستێکی دیکەی جیا لە ئیکس لەمبارەیەوە ڕایگەیاندبوو کە ئەمەریکا دەبێت پارێزگاری لەو گرتووخانانەی سوریا بکات کە ئەندامانی داعشیان لەخۆ گرتووە و هۆشداری "هەڵگرسانی دۆزەخ"ی دابوو لە ئەگەری شکاندنی ئەو گرتووخانانە.

گراهام، سیناتۆری ویلایەتی ساوث کارولاینا وتی "بە توندترین شێوە، ئەوە باوەڕی سەرەکی منە کە ئەمەریکا پێویستە بەرگری لەو زیندانانە بکات لە سوریا کە خراپترینی خراپترین ئەندامانی داعشیان تێدایە. هەزاران لەو شێتانە لە زیندانەکاندا هەن و ئەگەر دەربچن دۆزەخی تەواوەتی سەرهەڵدەدات. ساڵانێکە ئەمە دەڵێم."

سیناتۆرە باڵاکەی ئەمەریکا هۆشداری بە حکومەتی نوێی سوریا دا و نووسیویەتی "ئاگاداربن شکاندنی زیندانەکانی داعش کارەساتێکە بۆ ئەمەریکا و سوریا و ناوچەکە."

ڕاشیگەیاند، "باوەڕم وایە کە ئەمەریکا دەبێت دوودڵ نەبێت کاتێک باس لەم زیندانانە دەکرێت و بە هەر ڕێگەیەکی پێویست بەرگری بکات."