تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان کە بە شێوەیەکی تایبەت ڕۆماڵی پێشێلکارییە مرۆییەکانی شارەکانی کوردستان لە ئێران دەکات، لە دوایین ڕاپۆرتی خۆیدا سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی نێو ئێران کە لە کۆتایی مانگی دوازدەی ساڵی ڕابردووەوە دەستیانپێکردووە، ئاماژە بە ژمارەی کوژراوەکانی ئەم خۆپیشاندانە لە شارەکانی کوردستان دەکات.

ئەو ڕێکخراوەیە لە ڕاپۆرتەکەیدا نووسیوێتی بە پشتبەستن بە قسەی چەند کەسی ئاگادار و شایەتحاڵانی ڕووداوەکان، لانیکەم 150 هاووڵاتی کورد لە شارە جۆربەجۆرەکانی ئێران لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەدا بە تەقەی هێزە سەبازی و ئەمنییەکانی حکومەت کوژراون.

ڕێبین ڕەحمانی ئەندامی دەستەی بەڕێوبەری ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە ڤیدیۆیەکدا کە بۆ دەنگی ئەمەریکا ناردووە، دەڵێت جگە لە کوژرانی دەیان کەسی کورد، زیاتر لە دوو هەزار کەسیش لە شارەکانی کوردستان هەتا ئێستا دەستبەسەر کراون.

ڕێبین ڕەحمانی ئاماژە بەوەش دەکات کە هێزە ئەمنییەکانی ئێران بۆ ڕادەستکردنەوەی تەرمی کوژراوەکان داوای پارە لە بنەماڵەکانیان دەکەن و هەروەها بنەماڵەکان ناچار دەکەن کە یان بڵێن منداڵەکانیان سەر بە سوپای پاسداران بوون یان بە دەست خۆپیشاندەران کوژراون.

لە ڕاپۆرتەکەی ئەو ڕێکخراوەیەدا وێرای ئاماژەدان بە ناو و زانیاری کوژراوەکان، ئاماژەش بەوە کراوە کە زۆرینەی ڕەهای ئەو کەسانەی کوژراون بە تەقەمەنی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران کوژراون.

دوای بیست و سێ ڕۆژ لە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێران و سەرەڕای کەمبوونەوەی گردبوونەوەکان بە بەراورد بە ڕۆژانی سەرەتا، بەڵام بە گوێرەی هەندێک سەرچاوە، هێشتا کەشوهەوای ئەمنی بەسەر زۆربەی شارەکانی نێو ئێراندا زاڵە و بەپێی ڕاپۆرتەکانیش، خەڵکی وڵاتەکە دەستڕاگەیشتنیان بە ئینتەرنێت و تەلەفوون نەماوە.

بە پێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی ساندەی تایمز کە بە پشتبەستن بە قسەی پزیشکەکانی ناو ئێران، ئامادەی کردووە، لانیکەم 16 هەزار و 500 خۆپیشاندەر لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە کوژراون و 330 هەزاری دیکەش بریندار بوون.