سیناتۆرێکی باڵای ئەمەریکا هەڕەشەی سەپاندنەوەی سزای ئابووری و تێکچوونی هەمیشەیی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ حکومەتی نوێی سوریا دەکات لە ئەگەری بەردەوامی هێرشی هێزەکانی عەرەبی سوریا بۆ سەر ناوچەکانی هەسەدە.

سیناتۆری کۆماری لینزی گراهام ئەمڕۆ دووشەممە لە هەژماری تایبەتی ئێکس ڕایگەیاند، "ئەگەر هێزەکانی حکومەتی سوریا بەردەوام بن لە پێشڕەوی لە باکوور بەرەو ڕەقە، من گوشار دەکەم بۆ سەپاندنەوەی سزاکانی یاسای قەیسەر بە بەهێزتر."

سیناتۆرەکە بێزاری خۆی لەمەڕ بەردەوامی هێرشەکان دەربڕی و ڕایگەیاند، "دیارە کەس لە سوریا گوێ لە من و بەرپرسانی تری حکومەتی ئەمەریکا ناگرێت. ئەگەر ئەمە بەردەوام بێت، نەک هەر سزای ئێسک شکێن دێنە کایە، بەڵکو بۆ هەمیشە زیان بە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و حکومەتی نوێی سوریا دەگات. ئەگەر پێتان وایە ئێمە تەنها هەڕەشەی بێ هەڵوێست دەکەین، ئەوا بەردەوام بن."

لینزی گراهام سیناتۆری ویلایەتی کارۆلاینای باشور ڕاشیگەیاند، "هەوڵم داوە دادپەروەر بم لەگەڵ حکومەتی نوێ، بەڵام دیارە گوێکانیان کەڕ کردووە بەرامبەر بە ئاگادارکردنەوەکانم. ئەگەر دەتانەوێت ناکۆکیتان لەگەڵ ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا هەبێت و زیانێکی هەمیشەیی بە پەیوەندی نێوان ئەمەریکا و سوریا بگات - بەردەوام بن. ئەگەر دەتانەوێت پەیوەندییەکە ڕزگار بکەن، بوەستن و بگەڕێنەوە. هیوادارم ژیری هەڵبژێرن."