ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی سوریا ئاگربەستی گشتی لە سوریا لە دیمەشقی پایتەخت ڕاگەیاند و داوای لە سەرکردەی هۆزە عەرەبەکان کرد ئاشتی لە ناوچەکەدا بپارێزن.

سەرۆکی کاتی سوریا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند لەگەڵ مەزلوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات قسەی کردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد دەوڵەتی سوریا دەوڵەتێکی یەکگرتووە و حکومەتی سوریا دەچێتە ناو هەموو خاکی سوریاوە و هەروەها خەڵکی ناوچەکە بەرپرسیارێتی ئەمنی لە ناوچە کوردنشینەکاندا دەگرنە ئەستۆ.

ئەم ڕاگەیاندنە دوای ئەوە دێت کە دیداری ئەحمەد شەرع لەگەڵ تۆم باراک نوێنەری ئەمەریکا لە سوریا لە لایەن ئاژانسی هەواڵی سوریایی سانا بڵاوکرایەوە.

سانا ئەوەشی خستەڕوو کە "لە کۆبوونەوەکەدا یەکڕیزی و سەروەری سوریا بەسەر هەموو خاکەکەیدا دووپات کراوەتەوە و جەختیش لەسەر گرنگی وتووێژ لە قۆناغی ئێستادا کراوە.

هەروەها باس لە ئاوەدانکردنەوەی سوریا بە بەشداریی هەموو خەڵکی سوریا کراوە.

حکومەتی کاتی سوریا ڕێککەوتنێکی 14 خاڵی ڕاگەیاندوە. تا کاتی نووسینی ئەم هەواڵە، هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هیچ لێدوانێکیان سەبارەت بەم ڕێککەوتنە بڵاونەکردۆتەوە.