ڕۆژنامەی ساندەی تایمز بە پشتبەستن بە قسەی پزیشکەکانی ناو ئێران بڵاویکردوەتەوە لانیکەم 16 هەزار و 500 خۆپیشاندەر لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە کوژراون و 330 هەزاری دیکەش بریندار بوون.
ڕاپۆرتەکەی ئەو ڕۆژنامەیە باس لەوە دەکات کە زۆربەی کوژراوەکان تەنیا لە ماوەی دوو ڕۆژ لە خۆپیشاندانەکاندا کە دەکاتە ڕۆژانی پێنجشەممە، 8 ی مانگی یەک و هەینی، 9ی هەمان مانگ کوژراون.
ڕۆژنامەی ساندەی تایمز ئەو کوشتنکارییە بە دڕندانەترین سەرکوتکردنی ڕژێمی ئایینی ئێران لە مێژووی47 ساڵەی خۆیدا ناودێر کردووە.
لە کاتێکدا عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز ڕایگەیاند کە "تەنها چەند سەد کەس" لە ناڕەزایەتییەکانی دژ بە حکومەتدا کوژراون، بەڵام عەلی خامنەیی، لە وتارێکی ڕۆژی شەممەدا پشتڕاستی کردەوە کە چەند هەزار کەس کوژراون.
کۆماری ئیسلامی مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە لە کوشتنی خۆپیشاندەران لە ئێران و عەلی خامنەیی چەندین جار بە شێوەیەکی تایبەتی فەرمانی کوشتنی خۆپیشاندەرانی دەکردووە.
دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ڕۆژی شەممە عەلی خامنەیی بە "پیاوێکی نەخۆش" ناوبرد و وتی ئێران "خراپترین شوێنی ژیانە لە هەموو جیهاندا بەهۆی لاوازی سەرکردایەتییەکەیە."


