مەسعود بارزانی سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان رۆژی شەممە لە هەولێر لەگەڵ تۆم باراک، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سوریا و بەرپرسانی کوردی سوریا کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا.
بارەگای بارزانی ڕایگەیاندووە لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاتەکانی سوریا تاوتوێ کراوە. جگە لە باراک و مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، وێندی گرین، کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر، جەنەڕاڵ کیڤن لامبێرت، فەرماندەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا، عەقید زاکاری کۆرک، ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی کاروباری دەرەوە لە ئیدارەی خۆسەر و محەمەد ئیسماعیل، سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سوریا (ENKS) بەشداری کۆبوونەوەکەی هەولێر بوون.
بارزانی جەختی کردوەتەوە لە گرنگی کارکردن بۆ ئاشتی و ڕێگریکردن لە توندوتیژی لەم بارودۆخەی ئێستادا.
سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان هەروەها جەختی لەسەر پێویستی دیالۆگ و ئاشتی و پێکه وه ژیان له سوریا کردوەوه.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی بارەگای بارزانی، باراک کە باڵیۆزی ئەمەریکایە لە تورکیا و هەروەها نێردەی وڵاتەکەیە بۆ کاروباری سوریا، لەلایەن ئەمەریکاوە سوپاسی مەسعود بارزانی کردووە بۆ پشتگیرییە بەردەوامەکانی.
بەشداربووانی کۆبوونەوەکە باسیان لە هەنگاوە کردارییەکان کردووە بۆ سەقامگیرکردنی دۆخی سوریا، بەڵام لە بەیاننامەکەی بارەگای بارزانیدا هیچ وردەکارییەکی زیاتر نەخراوەتەڕوو.
کۆبوونەوەکەی هەولێر لە کاتێکدا بەڕێوەچووە کە شەڕ و پێکدادان لە بەشێک لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی حەلەب و ڕەقە بەردەوامە، ئەمەش سەرەڕای ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ کشانەوەی چەکدارەکانی لە ناوچەکانی دێرحافێر و مێسکەنە.


