لینزی گراهام سیناتۆری کۆماری ئەمەریکا لە پەیامێکدا نیگەرانی لەمەڕ مەترسی لەسێدارەدانی لاوێکی ناڕازی ئێران دەردەبڕێت و دەڵێت، ئەگەر ڕێگە بدێت ئەم گەنجە لەسێدارە بدرێت، ئەوا ڕێگەی ڕزگاربوون دەدرێت بە ڕژێمی ئێران.

گراهام سیناتۆری ویلاتی کارۆلاینای باشوور ڕۆژی شەممە لە هەژماری تایبەتی ئێکس ڕایگەیاند " بە خەم و پەژارەیەکی زۆرەوە باسی لەسێدارەدانی چاوەڕوانکراوی عیرفان سۆڵتانی دووکاندارێکی تەمەن 26 ساڵانم خوێندەوە. ئەو تەنها بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین لەسەر شەقام بۆ ژیانێکی باشتر، ڕووبەڕووی مەرگ دەبێتەوە."

ئەو سیناتۆرە دواکاری خێزانی ئەو گەنجە دەگەیەنێتە جیهان تا بە هانایەوە بچن و دەڵێت "هیوادارم و نزا دەکەم لە سێدارەدانەکە ڕابگیرێت و ئەم گەنجە ژیانی خۆی لەدەست نەدات چونکە دەیەوێت بەبێ ترس لە ئازادیدا بژێت."

هەروەها سیناتۆر گراهام پەیامێکیش دەگەیەنێتە جیهان و دەڵێت " ئەگەر ئەوان ئەم پیاوە بکوژن و ئێمە ڕێگە بدەین ئەم دەسەڵاتە بمێنێتەوە، ئەوا ئێمە جیهانێکی پڕ لە تۆقاندن و ترس و قبوڵکردنی خراپەکاری بەربەری وەک نۆرم لە سەدەی بیست و یەکەمدا بۆ خۆمان دروست دەکەین."

جەختیشی کردەوە "پێویستە ئەم دەسەڵاتە بڕوخێت و خەڵکی ئێران ژیانێکی باشتریان هەبێت. کاریگەری نەبوونی ئایەتوڵای بکوژ کە ئێران لە بەڕێوەبەردنی ئێران بۆ سەر هەرێمەکەو جیهان ئێجگار پۆستیڤ دەبێت. بەڵام ئەگەر دوای ئەم هەموو جەنجاڵییە لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، ئەوە هەنگاوێکی گەورە دەبێت بەرەو دواوە بۆ ناو تاریکی."

سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران، هەزاران کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە، بەڵام بەهۆی داخستنی تەواوەتی ئینتەرنێت ژمارەی کوژراوان بە وردی نادیارە.

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، سەرۆک دۆناڵد ترامپ، چەندین جار پشتیوانی خۆی بۆ خۆپیشاندەرانی ئێران دەربڕی و هۆشداریی دا بە کۆماری ئیسلامی لە دژی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران و ڕایگەیاند، ئەگەر خۆپیشاندەران لەسێدارە بدرێن، دەرەنجامێکی خراپی دەبێت.

کۆشکی سپی ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، ئێران لەژێر گوشاری سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ لەسێدارەدانی 800 خۆپیشاندەری ڕاگرتووە، بەڵام هێشتا کردەی سەربازیی ئەمەریکا وەک بژاردەیەک ماوەتەوە.