ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە زمانی فارسی، وەڵامی ئیدیعا و هەڕەشەکانی ئەم دواییەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی داوەتەوە سەبارەت بە ئامانجگرتنی بنکەکانی ئەمەریکا و هۆشداری دا لەوەی تاران نابێت گاڵتە لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکادا بکات.
وەزارتی دەرەوە ڕۆژی شەممە لە هەژماری فاسی زمانی خۆی لە ئێکس نوسیویەتی "هەواڵمان پێگەیشتووە کە کۆماری ئیسلامی بژاردە ئامادە دەکات بۆ بە ئامانجگرتنی بنکەکانی ئەمەریکا. وەک سەرۆک ترامپ چەندین جار جەختی لەسەر کردووەتەوە، هەموو بژاردەکان لەبەردەستدان. ئەگەر ڕژێمی کۆماری ئیسلامی هێرش بکاتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا، ئەوا ڕووبەڕووی هێزێکی ئێجگار بەتوانا دەبێتەوە. ئێمە ئەمەمان پێشتریش گوتووەو دووپاتی دەکەینەوە: گاڵتە لەگەڵ سەرۆک ترامپ مەکەن ."
ئەم هەڵوێستە چەند کاتژمێرێک دوای لێدوانەکانی عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی هات. خامنەیی لە وتارەکەیدا بۆ لایەنگرانی خۆی، ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی گەلانی ئێرانی بە " ئاژاوەگێڕی ئەمەریکا" ناودێرکرد و گوتی گوایە ئامانجی ئەو ناڕەزایەتیانە "تۆقاندنی ئێرانە."
ئەمەش لە کاتێکدایە هەر لە سەرەتای ناڕەزایەتییە خۆڕسکەکانی بازاڕی تاران و شارەکانی دیکەوە، دروشمە سەرەکییەکانی خەڵک ڕاستەوخۆ دژی کۆماری ئیسلامی و ڕێبەرەکەی بە شێوەیەکی شەخسی بووە و ناڕەزاییەتییەکانیان بە وتنەوەی دروشمی "مەرگ بۆ دیکتاتۆر" دەربڕیوە.
ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی هەوڵیشیدا بەرگێکی ئاینی لەبەر ناڕەزایەتییەکان بکات و گوتی تەنانەت لە سەردەمی یەکەم ئیمامی شیعەشدا "شەڕی نەرم" هەبووە و خودا بەبێ پشتیوانی گەل ناتوانێت هیچ شتێک بکات. ئەمەش لە کاتیکدایە کە بە پێی ڕاپۆرت و گرتە ڤیدیۆییەکانی بڵاوکراونەتەوە، هێزەکانی ژێر فەرماندەیی خامنەیی، بە فەرمانی ڕاستەوخۆی خودی خامنەیی، شەوی پێج شەممە و هەینی هەفتەی ڕابردوو ڕابردوو، بە تەقەی ڕاستەوخۆ لە خۆپیشاندەران، هەزاران کەسیان لە چەندین شاری ئێراندا کوشتووە.


