زانیاری سەرەكی؛ 

بەگوێرەی بڕیارێكی ئەمیندارییەتی گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كە ڕانەگەیەندراوە، حكومەت بڕیاریداوە بە گەڕاندنەوەی باجی موبایل و ئینتەرنێت بە ڕێژەی 20%، جگە لە چەند بڕیارێکی دیکە سەبارەت بە پێداچونەوە بە نرخی ڕەسم و کرێیەکان لە کەرتە جیاوازەکاندا. ئەمەش لەسەر بنەمای بڕیارەکانی ئەم دواییەی ئەنجومەنی وەزاری بۆ کاروباری ئابورییە بە مەبەستی کەمکردنەوەی خەرجییەکان و زیادکردنی داهاتی دەوڵەت بەهۆی قەیرانی دارایی و دابەزینی نرخی نەوت.

وردودرشتی هەواڵ؛

بەگوێرەی نوسراوێكی نهێنی حكومەت كە میدیا عێراقییەكان بڵاویانكردوەتەوە، بڕیارەکانی کۆبونەوەی هەفتەی ڕابردوی ئەنجومەنی وەزیران کە تێیدا کەمکردنەوە و ڕاگرتنی ناردنی بەرپرسان بۆ دەرەوە، پێداچونەوە بە کرێ و ڕەسمەکان لە کەرتە جیاوازەکاندا، و ڕاگرتنی دەرکردنی ئەو بڕیارانەی پاڵپشتی حکومییان تێدایە، لەخۆدەگرێت. 

هەروەها پێداچونەوە بە پاداشتی کۆمپانیا قازانجدارەکان و لایەنەکانی تەمویلی خودی، لەگەڵ کارکردنەوەی بڕیاری ساڵی 2024ی ئەنجومەنی وەزیران بۆ زیادکردنی پشکی گەنجینەی دەوڵەت لە کۆمپانیا قازانجدارەکان لە 45% بۆ 75%. بەڵام ئەمیندارییەتی گشتیی ئەنجومەنی وەزیران ئەم وردەکارییانەی لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی بڵاو نەکردۆتەوە.

ڕاگەیەندراوی پەیوەندیدار؛

بەگوێرەی میدیا عێراقییەكان، لەو ناو ئەو بڕیارە ڕانەگەیەندراوانەی حكومەتی عێراق، گەڕاندنەوەی باجی موبایل و ئینتەرنێت بە ڕێژەی 20% لەخۆدەگرێت.

پاشخانی هەواڵ؛

ئەنجومەنی وزاری عێراق بۆ ئابوری، هەفتەی ڕابردو بە سەرپەرشتی سەرۆك وەزیران و بە مەبەستی كەمكردنەوەی خەرجییەكانی حكومەت و زیادكردنی داهاتەكان كۆبونەوەیەكی نائاسایی ئەنجامدا و تێدا بڕیاردرا بە چاوخشاندنەوە بە ئەژماركردنی داهاتە نانەوتییەكان لە هەرێم بە هەماهەنگیی لەگەڵ حكومەتی هەرێم، كە لەئێستادا وەكو بڕە پارەیەكەی دیاریكراو دەخرێتە حسابی وەزارەتی دارایی. جگە لەوەش ژمارەیەك بڕیاری دیكە دەركران.

كارتی موبایل و ئینتەرنێت جارێكی دیكە گران دەبێتەوە

وێنەی هاوپێچ