🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

بانگەشە بۆ هەڵبژاردنەکانی تورکیا دەستی پێ کرد

سپێده‌ 2023/05/04 00:00

ئەو رۆژژمێرەی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا بۆ هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایار دیاریی کردبوو دەستی پێ کرد.


بەگوێرەی رۆژژمێرەکە لەمڕۆوە، بانگەشەی هەڵبژاردنەکان دەستی پێ کردووە و تا کاتژمێر ١٨:٠٠ی ئێوارەی ١٣ی ئایار بەردەوام دەبێت.


ئەو کاندید و پارتە سیاسییانەی بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکەن، تا کۆتاییهاتنی ماوەی بانگەشەکان دەتوانن لە راگەیاندنەکان و ماڵپەڕەکان بەشێوەی نووسراو و بینراو، بانگەشە بۆ خۆیان بکەن.


لە بەرامبەریشدا کاندید و پارتە سیاسییەکان ناتوانن لەڕێگای ناردنی نامەی دەنگی و نووسراو بۆ پۆستی ئەلیکترۆنی و ژمارە تەلەفۆنیی تایبەتی هاووڵاتییان، بانگەشە بۆ خۆیان بکەن.


هەر لێکۆڵینەوە و راپرسییەکیش لەبارەی هەڵبژاردنەکانەوە بکرێت، پێویستە ئاشکرابێت کە لەلایەن چ دەزگا و کەسێکەوە ئەنجامدراوە، بنەماکانی بانگەشەی هەڵبژاردنیش لەلایەن دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیاوە دیاریی دەکرێن.


لە بانگەشەکاندا نابێت ئۆتۆمبێلی فەرمانگەکان بەکاربهێندرێت.


هەروەها بەدرێژایی ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن، ئەنجامدانی هەموو جۆرە رێوڕەسمێکی تایبەت بە کردنەوە و دانانی بەردی بناغەی پڕۆژە گشتییەکان قەدەغە دەکرێت.

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (سپێده‌)